هەرێمی کوردستان لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەی "1.5 ملیار دۆلار زیانی کردووە"

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسانی عێراق بڵاویکردەوە، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام روو لە دابەزین بکات و 1.5 ملیار دۆلار زیانی بەربکەوێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بەردەوام بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێش بڕیارەکە هەرێمی کوردستان رۆژانە 375 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد و دەشڵێت: "زیانە ئابوورییەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی دوو مانگ، زیاترە لە 1.5 ملیار دۆلار."
 
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: "کۆمپانیای بۆریی نەوتی تورکیا رایگەیاندووە، پێویستییان بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی پشکنینی توانا تەکنیکییەکان بکەن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتەکە دەستپێبکەینەوە."
 
بەرپرسە عێراقییەکە ئەوەشی بە رۆیتەرز گوتووە کە "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە چەند هەفتەیەکە نەک چەند رۆژێک؛ کێشەکە زیاتر سیاسییە نەک تەکنیکی." 
 
بەرپرسێکی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی دەڵێت: "کێڵگەی نەوتی تەقتەق، کە بەرهەمی رۆژانەی 4,500 بەرمیل نەوتە، چیدیکە ئەو نەوتە بۆ کۆگاکردن بەرهەم ناهێنێت."
 
کێڵگەی نەوتی خورمەڵە ئێستا رۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا مانگێک پێش ئێستا 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و لە پێش وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، خورمەڵە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. ئەوە وەک بەرپرسانی کێڵگەکە باسی دەکەن.
 
هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.