کۆمپانیا تورکی و هیندییەکان بەشدارییەکی کارایان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە بە بەشداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، 214 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە. 
 
بەشێکی بەرچاوی پێشانگەکە بۆ کۆمپانیا هیندییەکانە، زیاتر لە 35 کۆمپانیای هیندستان کە هەموویان بەرهەمهێنەری سیرامیکن بەشدارن. ئاروکلا لە هەرێمی موربی گوژراتی هیندستانەوە هاتووە کە زیاتر لە 800 کارگەی سیرامیکی تێدایە. 
 
ئاروکلا راجێندەر، خاوەن کۆمپانیای سیارام گوتی: ئەمە یەکەمین سەردانمانە بۆ هەولێر. گەشتێکی ناوازە بوو، چاوەڕێمان نەدەکرد شوێنەکە بەم شێوەیە بێت. ئەمە زۆر باشە. چاوەڕێین لێرە بازاڕێکی زۆر باش هەبێت. هیوادارین چەندین جاری دیکە بێینەوە بۆ ئەوەی بەشداریی خۆمان لە هەموو بوارێکدا زیادبکەین. 
 
هیندستان زیاتر لە 30 ساڵە پلانێکی تایبەتی بۆ زیاترکردنی بەرهەمی سیرامیک داناوە و دەیەوێت ئەو بازاڕانەی کە بەدەست چین و ئیتاڵیا بوون، خۆی کۆنترۆڵی بکات. 
 
پێشانگەکە 400 بڕاند لە خۆدەگرێت، 80٪ـی کۆمپانیاکان بیانین و 20٪ـی ناوخۆیین. ئامێر و کەرەستەی بیناسازی، کەلوپەلی کارەبایی لەنێو  پێشانگەکەدا نمایش کراون. 
 
مەهدی بەرادەران، خاوەنی کۆمپانیای بۆڕی تەبریز دەڵێت: ئەمە یەکەمجارە لە پێشانگەیەک لە هەولێر بەشداری دەکەین، بەرهەمەکانمان پی ڤی سی و یوو پی ڤی سین. 
 
پێشانگەکە تاوەکو رۆژی هەینی 26ـی ئایار بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 11:00ـی بەیانی تاوەکو 07:00ـی ئێوارە کراوەیە. 
 
لە کۆی 173 کۆمپانیای بیانی 50 کۆمپانیا تورکی و زیاتر لە 35 کۆمپانیا هیندین، ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێت لەگەڵ گەورە بوون و بەرفراوان بوونی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، ئەو بازاڕە گەورەیە بگرنە دەست.