ژنە کوردێکی تەمەن 81 ساڵ لە وان دەخرێتە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ژنە 81 ساڵە کوردەی لە وان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە لەگەڵ هاوژینەکەیدا خرابووە زیندان و، دواتر بەهۆی خراپیی باری تەندروستی سزاکەی دواخرا، جارێكی دیکە زیندانیکرایەوە.
بڕیاری دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی مەقبوولە ئۆزەر ـی تەمەن 81 ساڵ، دوای ئامادەکردنی راپۆرتێکی دادپزیشکی تورکیا هات، کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە مەقبوولە ئۆزەر "دەتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە."
مەقبوولە ئۆزەر، رۆژی دووشەممە 22ـی نیسانی 2024 چووە دادگەی وان ـی باکووری کوردستان و، لەوێ دەستبەسەرکرا و رەوانەی زیندان کرا.
ئۆزەر، رۆژی نۆی ئایاری 2022 لە ناوچەی ئارتەمێتان سەر بە پارێزگای وان لەگەڵ هادی ئۆزەری هاوژینی دەستبەسەرکران. دادگەی وان بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە، سزای دوو ساڵ و مانگێک زیندانیکردنی بۆ مەقبوولە ئۆزەر بڕییەوە.
بەهۆی باری تەندروستیی مەقبوولە ئۆزەر، چەندجارێک داوای ئازادکردنی کرا، بەڵام بە پاساوی "نەبوونی هەلومەرجی یاسایی" داواکارییەکانی رەتکرانەوە.
دادپزیشکی تورکیا رۆژی چوارشەممە حەوتی ئەیلوولی 2022 بەپشتبەستن بە راپۆرتی پزیشکی، جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ دواخست و، دوای چوار مانگ مانەوەی لە زیندان، بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
دوای ئازادکردنی داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانییە نەخۆشەکانی کرد و گوتی "مردن لە زیندان خۆشترە."
هادی ئۆزەری هاوژینی کە بە هەمان تۆمەت خرایە زیندانەوە، دوای تەواوکردنی سزاکەی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2023 ئازادکرا.