گەشتوگوزار: 25٪ی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان بیانین

رووداو - هەولێر

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و 25٪ی ئەو ژمارەیەش بیانی بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاتنی گەشتیاران ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە 23-04-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زۆرینەی گەشتیاران لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەشێکیش گەشتیاری نێوخۆیی بوون و 25٪ی کۆی گشتی گەشتیارانیش بیانی بوون.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی رابردووش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 39 هەزار گەشتیار تۆمارکرابوون کە 25٪یان بیانی بوون و بەراورد بە ساڵانی پێشووتر، ئەو رێژەیە 15٪ زیادیکردبوو.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە کراوە، هاتنی گەشتیاران ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و ''ئاماژەکان دڵخۆشکەرن بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.''
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی، ئەمساڵ لە هەولێر، سلێمانی و بەغدا چەند دیدارێکیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئێران و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هاتنی گەشتیاران کردووە و لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووش پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە دهۆک کرایەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
 
نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان 3100 شوێن هەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکێش دەکەن؛ بنکەی گەشتیاری، هۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید باس لەوە دەکات، هەوڵ دەدرێت لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی گەشتیارانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، ژمارەی گەشتیارانی بیانیش زیاد بکرێت، ''لەبەر ئەوەی دراوە بیانییەکان گرنگیی ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.''
بە گوێرەی لێکدانەوەی دەستەی گەشتوگوزار، هەر گەشتیارێک لە کاتی مانەوەیدا لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 200 بۆ 350 دۆلار خەرج دەکات. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدرێت بە بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان چالاکیی گەشتیاری هەبێت بۆ ئەوەی خەرجیی گەشتیاران لە رێگەی زۆرتر مانەوەیان زیاد بکرێت، ''بۆ ئەوەش نابێ چاوەڕێی جەژنەکان بکەین و دەبێ بە درێژایی ساڵ چالاکیی جۆراوجۆرمان هەبێت.''