بەهۆی بارانەوە 90%ی قەیسەریی کۆنی کفری رووخاوە

 
رووداو - کفری

شەپۆلی ئەم دواییەی باران خەریکە قەیسەریی کۆنی کفری بە تەواوی دەڕووخێنێت، کە ناوەندێکی بازرگانیی مێژووییە و شوێنەوارێکی ناسراوە.
 
ساڵی 2011 بڕیاری نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە بە گوژمەی 21 ملیار دینار دەرچوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیارەکە تەنیا بە حیبری سەر کاخەز مایەوە و پارەی بۆ خەرج نەکرا.
 
عوبێد محەممەد، بەرپرسی شوێنەواری کفری دەڵێت، "چوار قەیسەری لەسەر ئاستی عێراق بوونیان هەیە، یەکێک لەو چوار قەیسەرییە ئەمەیە، بۆچی دەڕووخێت؟ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کۆنیی بیناکە. تاوەکو ئێستا دەستی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی بۆ نەهاتووە."
 
قەیسەریی کفری ساڵی 1851 دروستکراوە و 167 دووکان و هەشت خان و کاروانسەرا لەخۆدەگرێت.
 
رەفعەت محەممەد، شارەزای مێژوو ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم شوێنە تاکە وێستگەی بازرگانی بوو کە هەموو ئەم ناوچانەی پێکەوە دەبەستەوە، بەشێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەهاتن لە کفری ئاڵوگۆڕی بازرگانییان دەکرد. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەی 19، حکومەتی قاجاریی ئێران داوادەکات لە دەوڵەتی عوسمانی نووسینگەیەکی بازرگانی لە شاری کفری بکاتەوە بۆ ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان بازرگانە ئێرانییەکان و ئەو بازرگانانەی کە لە کفرین."
 
قەیسەرییەکە تاوەکو ساڵی 1993 جمەی دەهات لە کڕیار و فرۆشیار. دوای چۆڵبوونی بازاڕەکە، باوبۆران 90%ی رووخاندووە و لەو ناوەندە گەورەیە تەنیا هەندێک دیواری داڕماو و میچێ داتەپیو ماوەتەوە.