لە بازگەیەکی بانە تەقە لە هاونیشتمانییەک دەکرێت و گیان لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ 

لە خاڵێکی پشکنین لەسەر رێگەی بانە کە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەیلوولی رابردوو دانراوە، تەقە لە هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شارەکە کرا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. دواتر خەڵک هێرشیان کردە سەر بازگەکە و ئاگریان تێبەردا.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، بێهزاد عەزیزی، 19 ساڵ، لە خاڵێکی پشکنین لە رێگەی بانە - بوئین تەقەی لێکراوە و بریندار بووە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. 
 
لەبارەی هۆکاری کوژرانی ئەو هاونیشتمانییە، سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە بانەوە بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران لەو خاڵی پشکنینەدا پێیان وابووە ئۆتۆمبێلەکەی بێهزاد عەزیزی کۆڵبەر یان باری قاچاخی تێدایە، "بەڵام هیچی تێدا نەبووە."
 
ئاژانسی هەواڵی کوردپا، کە گرنگی بە هەواڵەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەدات؛ بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان پێش تەقەکردن هۆشداریان بەو هاونیشتمانییە نەداوە و ئاگاداریان نەکردووەتەوە.
 
هەروەها رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ئەو رووداوە دوانیوەڕۆی رۆژی 22-03-2023 روویداوە و بێهزاد عەزیزی لە کاتی گەڕانەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، بە ناوی دەرەشێخان، تەقەی لێکراوە.
 
دوای ئەو رووداوە خەڵک چوونەتە سەر بنکەکە و سووتاندوویانە.
 
ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆکاری جیاواز دەیان کەس دەکوژرێن. رۆژی چوارشەممە لە رووداوێکی دیکەدا کۆڵبەرێک بە ناوی حوسێن خەندانی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، تەقەی لێکراوە و بەم هۆیەوە بریندار بووە.
 
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا 39 کۆڵبەر کوژراون و 195 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.