پاسەوانی سنووریی عێراق لە خاڵێکی ئامێدی جێگیر دەبن
رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووریی عێراق رایگەیاند هێزەکانیان لە خاڵێکی سنووری لەگەڵ تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک جێگیر بوون. راشیگەیاند چەند قولەیەکی سەربازی جێگیردەکرێن و ئامێر و چەکی پێشکەوتوویان بۆ دابین دەکرێت.
پاسەوانی سنووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی پاسەوانی سنوور بۆ جێگیربوون لە تەواوی خاڵە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، یەکەیەکی لیوای یەکی سنووریی بەرەو خاڵێکی سنووری لە ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی لەگەڵ تورکیا جوڵەی کرد و توانیان سەنگەر لێ بدەن و جێگیرببن و ئاڵای عێراقیان تێدا بەرزکردەوە.
ئەو جوڵەپێکردنەی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور دوای ئەوە هات، کە رۆژی دووی ئەم مانگە تورکیا گوندێکی لە سنووری ناحیەی دینارتە بۆردوومان کرد و بەو هۆیەوە دوو هاونیشتمانی بەناوەکانی بەشیر عومەر و عارف تەها، گیانیان لەدەستدا.
پاسەوانی سنووریی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو پێگە نوێیەیان پێشتر هێزی پاسەوانی سنووری لێ نەبووە و بە هاوکاری و پشتیوانیی پاسەوانی سنووری لە هەرێمی کوردستان هێزەکانیان لەوێ جێگیرکراون، هەروەها چەند قولەیەکی سەربازی جێگیردەکرێن و ئامێر و چەکی پێشکەوتووی بۆ دابین دەکرێت.
پاسەوانی سنووریی عێراق دەڵێت: "ئەم هەنگاوانەی پاسەوانی سنوور بۆ تووندوتۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانە و رێگەگرتنە لە هەر جوڵەیەکی نەخوازراو و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی لە یاسا دەرچووانە."