لە ئامەد بەربژێرێکی دەم پارتی کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەحمود ئولوس، بەربژێری دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی شارۆچكەی چنار لە ئامەد، لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کشایەوە.
بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەم پارتی بۆ دیاریکردنی بەربژێرانی هاوسەرۆکایەتیی شارەوانیی شارۆچکەی چنار، کە مانگی رابردوو کرا، مەحمود ئولوس 361 دەنگ و سەمرا ئاکیوز 540 دەنگی بەدەستهێنا.
دەم پارتی بە فەرمی رایگەیاند، هەریەک لە مەحمود ئولوس و سەمرا ئاکیوز، بەربژێری پارتەکەیانن لە شارۆچكەی چنار، بەڵام بەهۆی کێشەی یاساییەوە تەنیا ناوێک بە فەرمی وەک بەربژێری شارەوانی پەسند دەکرێت و ناوی بەربژێرەکەی دیکە لە پشکی ئەندامێتی ئەنجوومەنی شارەوانی پەسند دەکرێت.
دەم پارتی لە چنار، سەمرا ئاکیوزی وەک بەربژێری فەرمی پارتەکەی پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد. مەحمود ئولوس ناڕەزایی خۆی لە بڕیاری پارتەکەی دەربڕی و لە کێبڕکێی هەڵبژارن کشایەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ هەینی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی تاوەکو کاژێر 15:00 بەربژێرێكی نوێ دەستنیشان بکات و وەکو بەربژێر بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی چنار پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بکات.
پێشتر هەمان کێشە لە ئێلیهـ روویدا. مەهدی ئۆزتوزون، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری پارتەکەی بۆ دانانی گولستان سۆنوک وەک بەربژێری فەرمی، بەو هۆیەوە دواتر ئۆزتوزون لەکێبڕکێی هەڵبژاردن کشایەوە و داوای لێبووردنی لە خەڵک کرد.