لە وان، مووش و جۆلەمێرگ بەفر رێگەی 72 گوند دادەخات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێکی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەفر دەبارێت و هاووڵاتییان لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. لە پارێزگاکانی وان، مووش و جۆلەمێرگ بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 72 گوند داخران.
 
دەزگای کەشناسیی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 23-01-2024 لە پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان، وان، ئەرزەڕۆم، ئاگری، مووش، سێرت، بەدلیس، جۆلەمێرگ و شرنەخی باکووری کوردستان بەفر دەبارێت.
 
گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا رێگەکانی 53 گوندی ئەو پارێزگایە داخراون. تیمەکانی شارەوانی بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان.
 
شێخموس یەنتوور، سکرتێری گشتیی ئیدارەی تایبەتی پارێزگای مووش رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە لە پارێزگاکە بەفر باریوە و بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 18 گوند داخراون.
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگای مووش ئاماژەی بەوەش دا، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتووچۆ، تیمەکانمان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان، هەروەها تیمەکان بۆ بارودۆخی بەپەلە لە ئامادەباشیدان."
 
ئیدارەی تایبەتی پارێزگای جۆلەمێرگیش رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگەی گوندێکی گەڤەر داخراوە و تیمەکانی راماڵینی بەفر بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەکە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئومێد کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی رێگەوبان و گواستنەوەی ئیدارەی تایبەتی پارێزگای بەدلیس رایگەیاند، بەهۆی زۆریی بەفربارین لە تەواوی پارێزگاکە، رێگەی دوو گوند داخران، بەڵام لە ئەنجامی کاری تیمەکان هەردوو رێگەکە کرانەوە.