هەشت کۆچبەری نایاسایی لە وان دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی ئەردیش سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، هەشت کۆچبەری نایاسایی لە ژێرزەمینی خانوویەکدا دەستگیر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای وان، تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگاکە رۆژی یەکشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2023 لە شارۆچکەی ئەردیش ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەری نایاسایی ئەنجامداوە.
تیمەکان لە ژێرزەمینی خانوویەکدا هەشت کۆچبەریان دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان منداڵە و بە شێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە پارێزگای وان.
هەشت کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکە رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای وان کراون.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەری ئەفغانستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەر دەکرێن.
بەگوێرەی داتاکانی سهرۆكایهتیى فهرمانگهى كۆچ، کە سهر به وهزارهتى ناوخۆى توركیایە، پارساڵ 119817 کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە، کە 66534یان ئەفغانستانی، 12385یان پاکستانی و 40898 کۆچبەریش لە رەچەڵەکی دیکەن؛ هەروەها رێگری لە 242308 کۆچبەر کراوە بچنە نێو خاکی تورکیا و باکووری کوردستان.