گرانیی کاڵا بازاڕی دووکاندارانی پارێزگای وانی لاواز کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دووکاندارانی بازاڕی شاری وانی باکووری کوردستان بێ بازاڕن و دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی دێنە بازاڕەکە بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە.
ئەمین ئاری، سەرۆکی کۆمەڵەی بازاڕەکانی گەڕەک دەڵێت: "بەداخەوە ئابووری نەماوە. پێشتر یەک کەس کاری دەکرد دەیتوانی 20 کەس بەخێوبکات، بەڵام ئێستا 20 کەس کار دەکەن و ناتوانن کەس بەخێوبکەن. کاسبکاران و خەڵک قوربانین. خەڵک هێزی کڕینی نەماوە".
دوکاندارەکان دەڵێن، ئەو کاڵایانەی پارساڵ بە 150-200 لیرە دەیانفرۆشت، ئەم ساڵ بۆ 800-900 لیرە بەرزبووتەوە. بەهۆی گرانییەوە خەڵکی ناتوانن بیانکڕن. کاتێک کڕین نەبێت، کاسبکاران زەرەرمەند دەبن و قازانجیان نابێت.
هاونیشتمانییەک دەڵێت: "زۆر قورس بووە، ناتوانین بژێوی ژیانمان دابین بکەین. بەمشێوەیە بڕوات خەڵکی لە برسان دەمرن. لە ماڵێکدا سێ کەس کار دەکەن و ناتوانن پێداویستی خۆراک دابین بکەن. پێدەچێت لە ساڵی نوێدا دۆخەکە خراپتر بێت".
کاسبکارێکیش باس لەوە دەکات، "خەڵک زەرف لەگەڵ خۆیاندا دەهێننە بازاڕ بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە، بۆ ئەوەی خواردن بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن. خوای گەورە سزای ئەو کەسانە بدات کە ئێمەیان گەیاندووەتە ئەم دۆخە. ساڵانێکە ئەم کارە دەکەم، ئەمە یەکەمجارە قەرزدار بم".
بەپێی ئامارەکانی تورک-ئیش، ئێستا هێڵی برسێتی لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 20 هەزار و 562 لیرە، کە دەکاتە 586 دۆلار، هێڵی هەژاری گەیشتووەتە 66 هەزار و 976 لیرە کە دەکاتە یەک هەزار و 909 دۆلار. لە کاتێکدا کەمترین مووچەی فەرمانبەرێک 17 هەزار لیرەیە کە دەکاتە 484 دۆلار. 30٪ـی خەڵک لەو وڵاتەدا بە کەمترین مووچە کار دەکەن.