سێنتكۆم بۆ رووداو: كردەی سەربازیی توركیا بۆسەر سووریا تێكشكاندنی داعش دەخاتە مەترسییەوە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیا لە سووریا، گەڕانە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات وەستابوون، "بەڵام ئێستا بە تەواوەتی دەستمان بە گەڕانە هاوبەشەکان کردووەتەوە." 
 
جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "بە تەواوەتی دەستمانکردووەتەوە بە گەڕانە هاوبەشەکانمان" لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیمکرات کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سووریا وەستابوون. دەشڵێت،  كردەی سەربازیی توركیا بۆسەر سووریا تێكشكاندنی داعش دەخاتە مەترسییەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 26-11-2022، جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەنگاوانە هەڕەشەن لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانیان، لەنێویشیاندا شەڕی بەردەوامیان لەگەڵ داعش و دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوە و هەڕەشەکانی لە ناوچەکە.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە. 
 
پێنتاگۆن چەندینجار رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی مانەوەیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا رووبەڕووبوونەوەی داعشە.
 
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هێزەکانی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان، گوتەبێژی سێنتکۆم دەڵێت، "بەرپرسیارییەتیی گفتوگۆکردن [لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان] لە ئەستۆی فەرماندەیی ئەوروپا دایە و سێنتکۆم لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار نییە." 
 
جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا گوتیشی، "هاوشێوەی جەنەراڵ کوۆڕیڵاش ئاماژەی پێدا، داعش هەڕەشەیەکی هەرێمییە و هەر کردەیەکی سەربازیی تورکیا لە سووریا، ئامانجی تێکشکاندنی داعش دەخاتە مەترسییەوە."
 
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی سێنتکۆم بە رووداوی راگەیاند، "ئەرکی ئێمە لە عێراق تەنیا راوێژ پێدان، یارمەتیدان و بەتواناکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە."
 
ئەم گوتانەی گوتەبێژی سێنتکۆم لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 22/12/2022، ساڵێک بەسەر گۆڕانی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ راوێژکاری تێدەپەڕێت.