ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".
ئەمڕۆ هەینی 22-11-2024، چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک لەبارەی پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''پڕۆسەکە رێژەیەکی ئەوتۆی نەماوە و ئەمڕۆ تەواو دەبێت".
لە دهۆک بەشێک لە هاونیشتمانییان پەیوەندییان بە بژمێرەکانەوە کردووە و گوتوویانە تاوەکو ئێستا بۆ تۆمارکردن سەردانیان نەکردوون. چیاڤان عەبدولڕەزاق گوتی، ''هەموو خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، هیچ کەسێک نامێنێتەوە کە ناوی تۆمار نەکرێت".
ئەو هاونیشتمانییانەی تاوەکو ئێستا ناویان لە سەرژمێریدا تۆمار نەکراوە، پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی 567 کردووە، بەڵام دەڵێن، ''پەیوەندییەکە بەردەست نییە''. بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک، ''هێڵە گەرمەکە لۆدێکی زۆری لەسەرە، بۆیە ئەوانەی کە هەر دوو ماڵەکانی تەنیشتیان ناویان تۆمار کرابوو، بەڵام بژمێرەکان سەردانیان نەکردبوون، پرسیار بکەن، ئەگەر هیچ بژمێرێک لە گەڕەکەکە نەبوو، ئینجا لە رێگەی هێڵی گەرمەوە پەیوەندی بکەن".
لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە تابلێتەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی زانیارییەکان، بە هۆکاری جیاجیا لەکارکەوتن، چیاڤان عەبدولڕەزاق گوتی، ''زۆربەی گرفتەکان چارەسەر کراون، هەر تابلێتێک کێشەی هەبووبێت، یەکسەر گۆڕدراوە".
وەک بەڕێوبەری ئاماری دهۆک دەڵێت، تەنیا لە ناوەندی شاری دهۆک بەشێک لە خێزانەکان ماونەتەوە کە تۆمار بکرێن، ''تاوەکو 12ـی ئەمشەو، پڕۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت و هیچ کەسێک نامێنێت''.
چیاڤان عەبدولڕەزاق گوتی: ''ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان، ئەوە پێویستە پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن، بۆ ئەوەی سەردانیان بکرێت".
بڕیاربوو دوای 48 کاژێر و لە کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، قۆناخی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی تۆمارەکەوە، کاتەکە 24 کاژێر درێژکرایەوە.