ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد. کە سەرکۆنەی زیاتربوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و هاوکارینەکردنی پێویستی تاران لەگەڵ ئاژانسەکە دەکات.
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گوتی، "ئەمە روونە کە بڕێکی زۆری یۆرانیۆمیان بە ئاستێکی زۆر بەرز پیتاندووە کە جێگەی نیگەرانییە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان".
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوا لە ئێران دەکات زانیاریی تەواو لەبارەی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو لە هەردوو بنکەی ئەتۆمیی فۆردو و نەتەنز بدات. بە گوێرەی ئاژانسەکە "شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو لەو دوو بنکەیە 83٪ دەبێت."
داواش لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە کراوە، راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە بکات.
ستێفانی لیختنشتاین، شرۆڤەکار دەڵێت، "ئەم هەنگاوە رەنگە دواجار ببێتە هۆی رەوانەکردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە مەبەستی تاوتوێکردنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا".
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی بڕیارنامەی ئاژانسەکە رایگەیاند، کۆمەڵە سانتریفیوژێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەخاتەگەڕ.
موحسین زەندی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەوبارەیەوە گوتی، "بڕیارنامەکە ئەو بەڵێنانە و ئەو نەخشەرێگەیەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانس رێککەوتنی لەسەر کرابوو، پشتگوێ دەخات. کاردانەوەمان لە چوارچێوەی مافە رەوا و یاساییەکانماندا دەبێت".
کانوونی دووەمی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و ئەگەری ئەوە هەیە گەرانەوەی ئەو ناکۆکی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر بکات.