مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین: سەرژمێری لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ کورد زەرەرێکی گەورەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین بە گومانـەوە لە بەڕێوەچوونی سەرژمێری و ئەنجامەکەی دەڕوانێت. دەڵێت، ''پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پلانێکی هاوبەشیان لە سنووری مادەی 140 هەبێت و پێکەوە وەکو کورد سیاسەت بکەن".
ئەمڕۆ هەینی 22-11-2024، شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، راگەیاند، ''لە خانەقین رێژەیەکی باش لە هاونیشتمانییان کە پێشتر شوێنی بنچینەیی خۆیان جێهێشتبوو، گەڕاونەتەوە و ناویان لە سەرژمێریدا تۆمار کرد.''
رۆژانی 20 و 21ـی مانگ بۆ تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریی گشتیی عێراق و باشووری کوردستان دیاری کرابوو، بەڵام دواتر 24 کاژێر ماوەکەی درێژکرایەوە. شێرکۆ میروەیس گوتی، ''بۆ هەندێک خەڵک کە ناویان تۆمارنەکرابوو، یان کێشەیەکیان هەبوو، پڕۆسەکە بەردەوامە و تاوەکو کاتی دیاریکراو کە کاژێر 12:00ـی ئەمشەوە، کۆتایی دێت".
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین ئاماژەی بەوەدا، لە ناوەندی خانەقین زۆربەی بژمێرەکان کورد بوون، ''بەڵام بەداخەوە لە سەعدیە، گوڵاڵە، قەرەتەپە و جەبارە، بەهۆی ئەوەی رێژەی دانیشتووانی کورد زۆر کەم بووەتەوە، ژمارەی بژمێرانی کورد کەم بوو، ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی لەم ناوچانە بەشێک لە تیمەکان لە ئاستی کەسیدا، هەڵسوکەوتێکی رەگەزپەرستانەیان لەگەڵ خەڵکی ئێمە هەبێت".
ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی سنووری مادەی 140 کە پێشووتر بە هەر هۆکارێک شوێنی بنچینەیی خۆیان جێهێشتبوو، بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێریی گشتی گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان. بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەو خێزانانەی کە گەڕاونەتەوە ناوچەکە، بە تەواوی کارئاسانییان بۆ کراوە و ناوی سەرجەمیان تۆمار کراوە''.
بەپێی زانیارییەکان بەراورد بە خانەقین، ژمارەیەکی کەمتر لە دانیشتووانی کورد گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی قەرەتەپە، سەعدیە و گوڵاڵە. شێرکۆ میروەیس هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''سەرەتا هەندێک لە بازگەکان بەربەستیان دروست دەکرد، ژمارەیەک لە تیمەکانیش لەبری ئەوەی کارئاسانی بکەن کێشەیان دەنایەوە، بەڵام توانیمان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تیمەکان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان پابەند بکەن".
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین، سەرژمێری لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بە ''زەرەرێکی گەورە'' بۆ کورد دەزانێت و دەڵێت، ''دەبووایە نەچینە ژێر باری بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، چونکە لە کاتێکدا کرا کە بە هەزاران خێزان لە ماڵەکانی خۆیاندا ناژین و هێشتا بە ملیۆنان خەڵک لەم وڵاتە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە ئاوارەن.''
گوتیشی، سەرژمێری پێویستی بە ئارامی، سەقامگیری، پێکەوەژیانی راستەقینە و جێبەجێکردنی دەستوورە کە ''بەداخەوە زۆرێک لەم بابەتانە لە ئارادا نەبوون، بۆیە من بەگومانەوە لە بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکە و ئەنجامەکەی دەڕوانم".
شێرکۆ میروەیس جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر سەرکردایەتیی کورد لە داهاتوودا پلانێکی جیدی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سنووری مادەی 140 نەبێت، خەڵک لە دۆخێکی خراپتردا دەژین".
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین پێیوایە، بۆ ئەوەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێمی کوردستان بەهێزەوە دەربکەوێت، ''پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پلان و بەرنامەیەکی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی پێکەوە وەکو نەتەوەی (پێکهاتە) کورد سیاسەت بکەین و داکۆکاری مافەکانمان بین".
ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بە هۆکاری جیاواز و لە قۆناخی جیاجیادا، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە. شێرکۆ میروەیس جەخت لەوە دەکاتەوە، ''تەنیا چارەسەری گەڕانەوەی کورد بۆ ناوچە کوردستانییەکان، جێبەجێکردنی دەستوورە، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەبێ ئەم پرسە بە جیدی بجووڵێنێت.''
بڕیاربوو دوای 48 کاژێر و لە کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، قۆناخی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی تۆمارەکەوە کاتەکە تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو درێژکرایەوە.