سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن. دەشڵێت، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات."
ئەمڕۆ هەینی 22-11-2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پێنجەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "داواکارم هەموو لایەنە سیاسییەکان کە کورسیی پەرلەمانییان بەدەستهێناوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دانیشتنەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ پەلە بکەن."
20ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "پێویستە هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا روویاندا، کۆتاییان پێ بهێندرێت و هەموومان پێکەوە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز بدەین، کە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و لە ئاستی داواکاری و ئاواتەکانی خەڵکدا بێت، بۆئەوەی بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین."
لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات، ئاشکرایە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێکە."
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 30ـی تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
"پێویستە بە زووترین کات شەڕ لە ناوچەکەدا بوەستێت"
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە گرژی لە ناوچەکەدا زیادی کردووە و ئێستا بەشێکی زۆری هەوڵەکانیش بەو ئاراستەیەن عێراق پەلکێشی نێو ئەو گرژییانە نەکرێت.
سەرۆککۆمار دەڵێت، "پێویستە هەموو لایەنەکان خوێندنەوە بۆ دۆخەکە بکەن و چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە، بۆئەوەی ئاشتی و ئاسایش بێتە ئاراوە."
بە گوتەی لەتیف رەشید، "ئەزموونی ناوچەکە فێری کردووین کە بەبێ ئەمن و ئاسایش، ناتوانرێت هیچ پێشکەوتن و ئاوەدانییەک بەدەستبهێندرێت."
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە بوارەکانی ئابووری، خزمەتگوزاری، دادپەروەری، کۆمەڵایەتی، ئاسایش و پەیوەندیی نێودەوڵەتی کێشەی هەبوو، "بەڵام ئێستا هەنگاوی باش بۆ چارەسەرکردنیان نراوە."
لەتیف رەشید، بە "تووندی" سەرکۆنەی جەنگ و تووندوتیژییەکانی لە فەلەستین و لوبنان کرد و گوتی، "ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و ئاشتی و ئاسایش بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە بێتە ئاراوە."
سەرۆککۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، مەترسیی ئەم جەنگە تەنیا بۆ دانیشتووانی ناوچەکە نییە، "بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر بازرگانی، گواستنەوە و سەربەخۆیی وڵاتان، بۆیە پشتگیریی ئاشتیی بەردەوام و نەهێشتنی کێشەکان دەکەین."
نزیکەی دوو مانگە قسە لەبارەی ئەگەری پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ. لەتیف رەشید گوتی، "پێشوازی و پشتگیری لە هەموو هەوڵێکی ئاشتییانە دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی تورکیا و [بۆ بەئەنجامگەیاندنی پڕۆسەکە] هاوکار دەبین."