ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی یاسا دەرکراوەکانی ساڵی رابردوو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو؛ هاوکات تاوتوێی ئەو یاسا و بڕیارانە دەکات لە دوای 6ـی تشرینی دووەمی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمدا ئەنجوومەنی راژەی گشتی راپۆرتێک سەبارەت بە میلاکی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان کە لە دوای 6ـی تشرینی دووەمی 2022 کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن.
لە بڕگەی سێیەمدا دوو بابەت دەخرێنەڕوو سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕگە و مادەکانی یاسای چاکسازی، کە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران پێشنیازکراوە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.