لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆگەیەکی کۆن دەکرێتە قوتابخانە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆگەیەکی کۆن لە گوندی سێپتوون لە ناوچەی مووسیان سەر بە شاری دێلرانە لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە بە قوتابخانە و پۆلی خوێندن، لەنێو ئەو کۆگەیەدا کارەبا، ئامێری گۆڕینی هەوا و کەلوپەلە سەرەتاییەکانی خوێندنی تێدا نییە.
 
یەکێک لە مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە دەڵێت، "رۆژانە مەترسیشی هەیە، چونکە ئاسنە و مەترسی هەیە هەورە برووسکە لێی بدات؛ هەروەها تەپەدۆرەکەشی نەماوە کە بەرگری لە سەرما و گەرما دەکرد."
 
هاونیشتمانییەکی ناوچەکەش باس لەوە دەکات، "منداڵەکان لەم ژوورە پلاستیکەدا ئەزیەتیان نابێت؟ لە وەرزی گەرمادا ئێرە زۆر گەرم دەبێت، لە سەرماشدا زۆر سارد؛ پێتان خۆش بوو وەک جێگەکانی دیکە قوتابخانەی نوێتان بۆ دروست بکەن؟"
 
قوتابخانەی ئەم گوندەی سەر بە ئیلام چەند پۆلێکی پلاستیکی دیکەشی هەیە؛ بینای قوتابخانەکەش زۆر کۆنە؛ روون نییە کامیان بۆ کاتی رووداوێکی لەناکاو کەمێک جێی دڵنیایی زیاترن.
 
یەکێکی دیکە لە هاونیشتمانییان دەڵێت، "لە ئیلامدا هیچ قوتابخانەیەک نییە کە زیاتر لە 100 قوتابی  و چوار دانە ژووری پلاستیکی هەبێت. سەیر بکەن، بزانن ژوورەکانیش چۆنن. لێرەش سێ ژووری پلاستیکی لێیە، ئەوانەی ئەزموونی ژیانی ژووری پلاستیکیان هەیە، دەزانن کە ئەمانە لە زستاندا چەندە ساردن و لە وەرزی گەرمیش کە لەم ناوچەیەدا ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، چ دۆخێکیان هەیە."
 
لە قوتابخانەی گوندی سێپتوندا 110 قوتابی وانە دەخوێنن، کەچی پێشتر بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگای ئیلام بەڵێنیان دابوو ئەو قوتابخانانەی زیاتر لە 10 قوتابییان هەیە، قوتابخانەی نوێیان بۆ دروست دەکرێت و کەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئیلام، 20٪ـی قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایە نۆژەنکردنەوەیان پێویستە، بەڵام 15 ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکان کۆن و بێکەڵک بوون.
 
نە تەنیا لە ناوچەی مووسیان، بەڵکو لە هولەیلانیش لەم جۆرە قوتابخانانە هەیە. لە ئیلامدا تەنانەت خراپتر لە قوتابخانەی پلاستیکیش هەیە، لەم جۆرە قوتابخانانە، کە بە قوتابخانەی کۆچەرییەکان دەناسرێن، کە هیچ ستانداردێکی قوتابخانەیەکی نوێیان نییە.
 
بەرپرسان بەڵێنیان داوە تاوەکو بەهار هەموو قوتابخانە پلاستیکەکان بکەنە بینای جێی دڵنیایی.