وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو: گرفتێکی تەکنیکی لە کۆرمۆر هەبووە و چارەسەرکراوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، دەورووبەری کاژێر 6:00ـی بەیانی ئەمڕۆ گرفتێکی تەکنیکی لە کۆرمۆر هەبووە و ئێستا چارەسەرکراوە. 

رۆژی چوارشەممە 22-11-2023 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەورووبەری کاژێر 6:00ـی بەیانی ئەمڕۆ گرفتێکی تەکنیکی لە کۆمپرێسەرەکانی کۆرمۆر هەبووە و چەند کاژێرێکی خایاندووە تاوەکو چارەسەرکراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا چارەسەرکراوە و گرفتەکە کۆتایی هاتووە."
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن، پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.
 
رۆژی سێشەممە 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا کۆمەڵێک ئاماری لەسەر رەوشی کارەبا بڵاوکردەوە کە بەپێی راپۆرتەکە لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی 15 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە 4250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەباش 7400 مێگاوات دەبێت، لە کابینەی نۆیەمدا سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد کراون.
 
رۆژی 22-10-2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا چەندین ژمارەی لەبارەی پڕۆژەکانی وەزارەت، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردنی کارەبا، سەرپێچیی سەر تۆڕەکانی کارەبا لەو کابینەیەدا بڵاوکردەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 2201 پڕۆژەی کارەبا بە تێچووی 171 ملیار دینار لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کراون.
 
هەرچی پەیوەندیی بە پێدانی کارەباوە هەیە لە ماوەی ساڵی 2018 تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی 2023، وەزارەتی کارەبا بەم شێوەیە روونیکردووەتەوە:
 
- ساڵی 2018: 14 کاژێر
- ساڵی 2019: 16 کاژێر و 30 خولەک
- ساڵی 2020: 17 کاژێر
- ساڵی 2021: 17 کاژێر
- ساڵی 2022: 15 کاژێر
- حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2023: 16 کاژێر و 30 خولەک