زانكۆی سلێمانی: لەگەڵ ئاسایش کۆدەبینەوە بۆ ئازادکردنی خوێندکارە دەستگیرکراوەکان
رووداو - هەولێر
ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لەلایەن ئاسایشی شارەکەوە دەستگیرکراون. یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت: "ئەمڕۆ تیمێکی سەرۆکایەتیی زانکۆ لەگەڵ تیمێکی ئاسایشی سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بە رێکاری یاسایی ئەو خوێندکارانە ئازاد بکەین."
رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی راگەیاند: "بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادار نین چەند خوێندکار دەستگیرکراون، ئەوەی هەیە دەگوترێت 28، 70 و بەشێک دەڵێن 104 خوێندکار لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ تیمێکی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ناو و ژمارەی خوێندکاران بە دروستی وەربگرین و بزانین چۆن دەتوانین بەشێوەیەکی یاسایی ئازادیان بکەین."
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران گوتیشی: "کار بۆ ئازادکردنی خوێندکاران دەکەین و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بۆ ئەو مەبەستەیە."
بە گوتەی د.پێشڕەو حەمەجان، ئاگادارنین لە کوێ خوێندکارەکان دەستگیرکراون، بەشێک دەڵێن لەنێو حەرەمی زانکۆ دەستگیرکراون، بەڵام لایەنی دیکە رەتیدەکەنەوە و دەڵێن؛ لە دەرەوەی زانکۆی سلێمانی دەستگیرکراون.
دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارانە دوای ئەوە هات، هەفتەی رابردوو لە زانکۆی سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە خوێندکاران گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی دەرماڵەیان دەکرد.
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لەبارەی دەرماڵەی خوێندکاران گوتی: "ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە لە مانگی شەشەوە داوامان کردووە دەرماڵەی خوێندکارن بۆ ئەمساڵیش خەرج بکرێت، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە نووسراو ئەو داوایەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە و ئەوانیش لاری نەبوونیان لەسەر بڕیارەکە داوە، دواتر نووسراوەکە گەڕاوەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران و ئێستا بڕیار لای ئەوانە."
لەبارەی دەوامکردن لە زانکۆی سلێمانی گوتی: "بەفەرمی دەوام هەیە، بەڵام بە واقعی خوێندکاران بەشێکی زۆریان ناگەڕێنەوە زانکۆ."
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە شەش ملیار دینار وەکو هاوکاریی مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج بکات. ئەو پاڵپشتییەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دابوو بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بوو.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینار بوو بۆ خوێندكارانی ناوشار و 60 هەزار دیناریش بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار. بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نزیكەی 130 هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند بوون.
رۆژی یەکشەممە، 13-11-2022، د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمساڵ نزیکەی 5 ملیار دینارمان بۆ دەرماڵەی خوێندکاران پێویستە."