گوندێکی وان هێڵی مۆبایل و ئینتەرنێتی نییە؛ کچان هاوژینی لەگەڵ کوڕانی گوندەکە ناکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی وانی باکووری کوردستان هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت نییە. ئەوەش چەندین گرفتی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە و خەڵک کچەکانیان نادەنە دانیشتووانی گوندەکە.
 
گوندی تەختیسە 50 کیلۆمەتر لە وانەوە دوورە. 140 کەس تێیدا دەژین و دانیشتووانەکەی پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە بڕواوە و ئاگایان لە هەواڵەکان نییە.
 
ئۆکتای ناتیک، دانیشتووی گوندەکە بە رووداوی گوت: "هێڵی مۆبایلمان نییە، کاتێک باسی ئەوە دەکرێت، کچان دەڵێن ئامادە نین ژیانی هاوژینی لەگەڵ خەڵکی گوندەکە پێکبهێنن".
 
بەهۆی نەبوونی هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، هاونیشتمانییەک دوای دوو رۆژ هەواڵی کۆچی دوایی باوکی پێگەیشتووە. تەحسین دەڵێت: گوتم کەی باوکم مردووە، گوتیان دوو رۆژە، بەم هۆیەوە نەمزانی بوو.
 
گوندەکە لە نزیکەی 15 ماڵ پێکدێت. ئیلوفەر ئاتیک، ژنێکی دانیشتووی گوندەکەیە و باسی لەوە کرد: "ژنەکان لەگەڵ یەک دادەنیشین، قسە دەکەین بۆخۆمان، ئەی چی بکەین. داوا دەکەین شەبەکەی مۆبایلمان بۆ بێنن".
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، دانیشتووانی گوندەکە هەموو هەوڵێکیان داوە، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەی دانیشتووانەکەی، کۆمپانیاکانی هێڵی مۆبایل ئامادە نین ئەو گرفتە چارەسەر بکەن.