لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان 67 کۆچبەر لەنێو بارهەڵگرێکدا دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی جەندرمە لە شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، لە هەڵمەتێکی پشکنیندا، لەناو بارهەڵگرێکدا 67 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2023، پارێزگای ئاگری لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە هەڵمەتێکی پشکنیندا کە لەلایەن تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگاکەوە ئەنجامدرابوو، بارهەڵگرێکیان وەستاندووە و دواتر پشکنیویانە. "لە کاتی گەڕان و پشکنین لەناو بارهەڵگرەکدا، 67 کۆچبەری ئەفغان و دوو قاچاخچی دەستگیرکران."
دوای رێکارەکان لە بنکەی جەندرمە، قاچاخچییەکان گواسترانەوە بۆ دادگەی بازید و لەوێش بە بڕیاری دادوەر بەند کران و کۆچبەرە نایاساییەکانیش گواسترانەوە ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران.
بەگوێرەی ئاماری سهرۆكایهتیى فهرمانگهى كۆچ لە تورکیا، لە حەوت مانگی ئەم ساڵدا کۆی ئەو کۆچبەرانەی رێگرییان لێکراوە دزە بکەنە نێو سنوورەکانی تورکیا 146 هەزار و 421 کۆچبەرن.
ساڵی رابردوو رێگری لە 280 هەزار و 206 کۆچبەری نایاسایی کراوە دزە بکەنە سنوورەکانی تورکیا. هەروەها 236 هەزار و 572 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون، لەنێویاندا 124 هەزار و 441 کۆچبەر دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراون.