فازڵ میرانی: ئەرکی ئێمە پاراستنی کوردستان و دەستکەوتە نیشتمانییەکانە

هەولێر دیجیتاڵ 

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەبێت هەموو کوردستانییان بە گشتی و هەموو تاکێکی کورد بە تایبەتی، نیشتمان و نەتەوە بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە کەسی و حیزبیەکان و دەڵێت، "پێویستە ئەولەوییەتی هەموومان پاراستنی نیشتمان و دەستکەوتە نیشتیمانییەکان بێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023 لە سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەورەس رەشید، نووسەر و رووناکبیری کورد، لە شاری هەولێر رێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەو نووسەرە بەڕێوەچوو. لە رێورەسمەکەدا، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.
 
فازڵ میرانی باسی کەسایەتی نووسەر و رووناکبیری کورد نەورەس رەشیدی کرد و گوتی، "نەورەس رەشید کەسێکی نیشتیمانپەروەر، کوردپەروەر و کادێریکی دڵسۆزی پارتی بوو و لەبەر سۆزی بۆ نیشتمان بەردەوام ئاڵای کوردستان لە سەر سنگی بوو. کاکە نەورەس دەستێکی باڵای هەبوو لە بەشداریکردن لە بزاڤی رۆشنبیریی نیشتمانپەروەری لە هەرێمی کوردستاندا."
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێیوایە، بەرز راگرتنی ناو و یادکردنی نووسەران، رووناکبیران و تێکوشەرانی کورد تەنیا بە قسە یان بەڕێوەبردنی هەندێک رێوڕەسم، کۆڕ و سیمینار نابێت، بەڵکو بە بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێبازەی گرتبوویانە بەر و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە کە لە پێناویدا خۆیان بەختکردووە.
 
فازڵ میرانی لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە یادی ئەو کەسانە دەکەین کە لەدەستمان داون، بەڵام پرسیارێک دێتە پێش کە چییان بۆ بکەین کە مافیان بدەینەوە و ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین؟ ئایا تەنیا بە قسە؟ بە رای من، نە ئەمە مافی ئەوانە و نە ئەمە ئەرکی ئێمەیە. مافی ئەوان و ئەرکی ئێمە بەردەوام بوونە لەسەر ئەو رێبازەی گرتبوویانە بەر و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە کە سەریان لە پێناویدا دانا، ئەمە باشترە لەوەی کە زۆر قسە بکەین. لەبەر ئەوە ئەرکی ئێمەیە و مافی ئەوانە، ئێمەومانان کە لێرە ئامادەین و ئەوانەی کتێبەکانی کاکە نەورەس و نووسەران و بیرەوەری شەهیدان و سەرکردەکانی ئێمەیان خوێندووە، تەنیا بەوە نەوەستن کە بڵێن کۆڕمان بۆ ساز کردوون، رێوڕەسمێکمان بۆ سازکردوون، بەرهەماکانی ئەوانمان پێشانداوە و یادەکانمان کردوون. ئەگەر ئەوان بە گۆ بێن، پێمان دەڵێن نەمان گوتوە ئەمەمان بۆ بکەن، بەڵکۆ گوتومانە رێبازەکە بپارێزن و لەسەری بەردەوام بن."
 
بە بۆچوونی فازڵ میرانی، دەبێ هەموو کوردستانییان بە گشتی و هەموو تاکێکی کورد بە تایبەتی، نیشتیمان و نەتەوە بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە کەسی و حیزبیەکان و دەڵێت، "پێویستە ئەولەوییەتی هەموومان پاراستنی نیشتمان و دەستکەوتە نیشتیمانییەکان بێت."

 

 
فازڵ میرانی دەڵێت، "ئەرکی هەموو کوردستانیانە بە گشتی و کورد بە تایبەتی، کە ئێمە هەوڵ بدەین بزانین لە کوێن، چیمان کردووە، چیمان پێدەکرێت، ئایا ئەولەوییەتی ئێمە خۆمانین وەکوو تاک، خۆمانین وەکو حیزبەکان، خۆمانین وەکو سەرکردایەتییەکان، یان ئەولەوییەتی ئێمە نیشتیمان و نەتەوە و دەستکەوتەکانە، دەستکەوتە تاکەکەسییەکان نا، دەستکەوتە حیزبییەکانیش نا، بەڵکو دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان. ئێمە ئەگەر لەسەر ئەم گوتانە بە پراکتیکی کۆک بین، هەم دەستکەوتەکان دەپارێزین، هەم مەترسییەکان لەگەڵ وڵاتی خۆمان دوور دەخەینەوە، هەمیشە ئاسۆیەک دەدۆزینەوە بۆ ئایندەیەکی گەشتر، چونکە سەرفرازی دوێنێ، بەرهەمەکەی ئەمرۆ پاراستن بۆ ئایندەیەکی گەشتر لە نێودڵ و دەروونی گەلەکەماندا دەچەسپێنێت."
 
سێ ساڵ لەمەوبەر لە ئێوارەی رۆژی 22-10-2020، نووسەر و رووناکبیری کورد نەورەس شێخ رەشید کۆچی دواییکرد.
 
نەورەس شێخ رەشید لە ساڵی 1946 لە هەڵەبجە لەدایک بووە، قۆناخەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەڵەبجە تەواوکردووە، قۆناخی دواناوەندیش لە بەغدا و قۆناخی زانکۆ و کۆلێژی یاسای لە زانکۆی لوبنان خوێندووە.