سزای وەرگێڕی کتێبی 'شۆڕشی رۆژئاڤا' وەک خۆی پەسندکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسەرێکی ئێرانی بەهۆی وەرگێڕانی کتێبێک لەبارەی راپەڕینی سووریا بە سەرکردایەتی هێزە کوردییەکانەوە سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بڕاوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی ئێران وەرگێڕانی کتێبێکی لەمجۆرە  وەکو هەڕەشە بۆ سەر "ئاسایشی نەتەوەیی"یان دەبینن.
 
لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری 2020، لقی 28ی دادگەی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران، سزای 11ساڵ زیندانی بەسەر ئارەش گەنجی، سکرتێری بۆردی کۆمەڵەی نووسەرانی ئێراندا سەپاند. دادگا پێداچوونەوەی بە سزاکەدا کرد و وەک خۆی پەسندکرد و  داوای کرد سزاکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو کتێبەی ئارەش گەنجی وەریگێڕاوە، ناوی 'کلیلێکی بچووک دەتوانێت دەرگایەکی گەورە بکاتەوە: شۆڕشی رۆژئاڤا' یە، کە باس لە رۆڵ و پێگەی کورد لە شەڕی نێوخۆی سووریادا دەکات.
 
لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون، ئارەش گەنجی، لە مانگی 12ی ساڵی 2019 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو،  دواتر بە بڕی سێ ملیار تمەن بارمتە، تاوەکو رۆژی دادگاییکردنی ئازادکرابوو.
 
گەنجی، پێشتر لە زیندانێکی تاکەکەسیی تاراندا بە ناوی زیندانی ئیڤین بەندکرابوو، کە دواتر بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئێران، ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژی رژێمی ئێران و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە تۆمەتبارکرا.
 
رێکخراوی پێن ئەمریکا رایگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکەیدا "حکومەتی ئێران گەنجیی بە تۆمەتی بێبنەما تۆمەتبارکردووە کە گوایە کتێبەکەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی".
 
هاوکات، کارلین دەچ کارلیکار، بەڕێوبەری رێکخراوەکە داوایکرد کە تۆمەتی "گاڵتەجاڕانەی بە تاوانکردنی وەرگێڕانی کتێب" لابەرن و گوتی کە ئەمە بەشێکن لە تووندوتیژییەکی بەرفراوانتر لە بەرامبەر نووسەران لە ئێراندا.
 
کورد کە سەرووی 10٪ ی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن، دەسەڵات ترسی ئەوەی هەیە رووداوی هاوچەشنی سووریا لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی راپەڕینی کورد لە ئێراندا". 
 
بەگوێرەی رێکخراوی پێن ئەمریکا، ئارەش کێشەی تەندروستی هەیە و "دواهەمین ئامانجی رژێمەکەی ئێرانە، کە لە پلەی چوارەمدا دێت لە زیندانیکردنی نووسەران و رۆشنبیران لە سەرتاسەری جیهاندا".