پەرلەمانتارێکی کورد: هەفتەی داهاتوو 5,000 دەفتەری پاسپۆرت بۆ سلێمانی دەنێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو 5,000 دەفتەری پاسپۆرت بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت و لەومەودوا هەفتانە دەفتەری پاسپۆرت بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و گرفتی نەمانی دەفتەر چارەسەر دەبێت.
 
سروە محەممەد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک کێشە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، کە تایبەتن بە نفوس، پاسپۆرت، وڵاتینامە و کارتی نیشتمانی، بۆیە رۆژی پێنجشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی عێراقمان کرد و وەزیری ناوخۆی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک لیژنە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێکبهێندرێت."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە یەکێک لە گرفتەکان نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتە و دەڵێت: "تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە شەش مانگی ئەمساڵ 60 هەزار مامەڵە لە پاسپۆرتی سلێمانی کەڵەکە بوون، بۆیە بڕیاردرا پێنج هەزار پاسپۆرتی خام بۆ سلێمانی بنێردرێت و بڕیارە لەمەودوا هەفتانە بۆ پارێزگاکانی دیکەش دەفتەر بنێردرێت."
 
ئەو گوتانەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 15-9-2023، لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند: "بەمنزیکانە سەرجەم کێشەکانی تایبەت بە پاسپۆرت کۆتاییان پێدێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی دەفتەر دەکرێت و لەچاپدانیش بەردەوام دەبێت. ئەمساڵ وەرچەرخانێکی گەورە لە کاری پاسپۆرت لە عێراق روودەدات و نێوەڕاستی مانگی داهاتوو سەرجەم کێشەکانی تایبەت بە پاسپۆرت و دەرهێنانی چارەسەر دەکرێن."
 
تەواونەکردنی مامەڵەی ئەو هاونیشتمانییانەی کە مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی دەکەن یەکێکی دیکە بووە لەو گرفتەنانەی سروە محەممەد بە بەرپرسانی بەغدای گەیاندووە و دەڵێت: "لە ماوەی یەک مانگدا 20 هەزار کەس لە سلێمانی و لە گەرمیانیش فایلی 33 هەزار کەس هەروا ماوەتەوە و مامەڵەیان کردووە و کاریان تەواو ناکرێت، وەزیری ناوخۆ بڕیاری داوە، کە ئەو کێشەیەش چارەسەر بکەن."
 
پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "یەکێک لەو کێشانەی زۆر گرنگە بە لامانەوە چارەسەرکردنی کێشەی 19 فایلی قەیدی موەقەتە (تۆماری کاتی) کە کێشەی بۆ زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی شارەکانی عێراق لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروستکردووە. ئەو هاووڵاتییانە ئەوانە دەگرێتەوە کە دوای نەمانی دامودەزگاکانی حکومەتی پێشووی عێراق، لە ترسی رژێم هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. بە رێنمایی ژمارە 77 لە ساڵی 1994 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەو قەیدانەیان بۆ دەرکراوە. ئەو کەسانە لەبەر ئەوەی نەکراونەتە سەر قەیدی ئەسڵی و تۆمارنەکراون کێشەیان بۆ دروستدەبێت و بەشێکیان رەگەزنامەیان نییە."
 
سروە محەممەد دەڵێت، "بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی عێراق و سلێمانی دروست بکرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو هاووڵاتییانەی بەشێوەیەکی کاتی تۆمارکراون."