سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بۆ رووداو: پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەولێر هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندیی "زۆر دۆستانەیان" لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و هەوڵ دەدەن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی وڵاتەکە "بە سەقامگیری بمێنێتەوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات نایانەوێت دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا بکەن، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، "هەر شتێک"یان لەدەست بێت دەیکەن.
لە چوارەم رۆژی گفتووگۆ و گوتارەکانی 78ـەمین گەڕی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا بە دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ نیویۆرک گوت، "ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی باکوور، واتە هەولێر، پەیوەندیی زۆر دۆستانەمان هەیە. هەروەها ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەر کوێیەک و بە هەر جۆرێک بێت، بتوانین یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە وڵاتەکە بە سەقامگیری دەمێنێتەوە."
هۆڵەندا، ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە و لە رێگەی ژمارەیەک راوێژکاری سەربازییەوە لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا، لە هەرێـمی کوردستان و عێراق مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن. هەروەها وڵاتەکە باڵیۆزخانەی لە بەغدا و کۆنسوڵخانەیشی لە هەولێر هەیە، کە دووەمیان گرنگی بە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشەپێدانی سەرکردایەتیی گەنجان و کشتوکاڵ دەدات.
لەبارەی ئەوەی کە چ هەوڵێکیان داوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مارک رووتە بە رووداوی گوت، "پێویستە هۆشیاربین بۆ ئەوەی دەست لە کاروباری گشتی عێراقدا وەرنەدەین،" بەڵام گوتیشی "بێگومان هەر شتێکمان پێ بکرێت و هەر کاتێک توانیمان یارمەتیان بدەین، بێ ئەوەی ببینە هۆی توڕەیی هیچ لایەنێک، ئەوا هەوڵ دەدەین بیکەین."
"کۆبوونەوەیەکی زۆر دۆستانە"
رۆژی هەینی مارک رووتە و محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە.
مارک رووتە بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەیەکی زۆر دۆستانە بوو."
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "ئەوان باسیان لە پێکەوەکارکردنی نێوان وڵاتە دۆستەکانیان کرد، رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان تاوتوێکرد و پابەندبوونی خۆیان بە بەرەوپێشبردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان دووپاتکردەوە لە پێناو قازانجی خەڵکی عێراق و هۆڵەندا."
نزیکەی 150 سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرکن بۆ ئەوەی گوتاری خۆیان لە بارەی نوێترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان پێشكێش بکەن.
دروشمی لووتکەی ئەمساڵی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "دروستکردنەوەی متمانە و وەگەڕخستنەوەی یەکڕیزیی جیهانی؛ خێراکردنی هەنگاوەکانی کارنامەی 2030 و ئامانجەکانی گەشەپێدانی شیاوی بەردەوامبوون بەرەو ئاشتی، خۆشگوزەرانی، بەرەوپێشچوون و توانای بەردەوامبوون بۆ هەمووان."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و مارک رووتە:
رووداو: ئێوە پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئێوە لە واشنتن دی سی کۆبوونەوەیەکیشتان هەبوو. ئێستا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدان؟ هەندێ سەربازیشتان لە عێراق هەیە.
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا: بەڵێ، ئەم بەیانییە کۆبوونەوەیەکم هەبوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە کۆبوونەوەیەکی زۆر دۆستانە بوو. هەروەها لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس قسەم لەگەڵ سەرۆک کرد. ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی باکوور[هەرێمی کوردستان]، پەیوەندیی زۆر دۆستانەمان هەیە. هەروەها ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەر کوێیەک و بە هەر جۆرێک بێت، بتوانین یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە وڵاتەکە بە سەقامگیری دەمێنێتەوە. من دڵخۆشم و شانازی بەو کارەوە دەکەم کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەشی باکووری عێراق دەیکات، کە وا دیارە لەم کاتەدا زۆر باشترە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو.
رووداو: هەندێ ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، ئایا هیچ هاوئاهەنگییەکتان لەگەڵیان هەیە بۆ ئەوەی هانیان بدەن ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن؟
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا: بێگومان پێویستە هۆشیاربین بۆ ئەوەی دەست لە کاروباری گشتیی عێراق وەرنەدەین، بەڵام بێگومان هەر شتێکمان پێ بکرێت و هەر کاتێک توانیمان یارمەتیان بدەین بێ ئەوەی ببینە هۆی توڕەیی هیچ لایەنێک، ئەوا هەوڵدەدەین بیکەین.