تەرمی چالاکڤانەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە جۆلەمێرگ بە خاک سپێردرا
رووداو - هەولێر
دەنیز جەودەت، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە بوو، رۆژی دووشەممەی رابردوو 18-09-2023 لە هەولێر درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، خێزانەکەی تەرمی کوڕەکەیان بە هەلهەلە و دروشمی "شەهید نامرێ" بەرەو زێدی باب و باپیرانی بۆ گوندی دێلەزێی سەر بە شارۆچکەی گەڤەری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەڕێکرد.
دەنیز هەڵسوڕاوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و مامۆستای زمانی کوردی بوو، ژیانی هاوژینیی پێکنەهێنابوو، ماوەی سێ ساڵ لە بارەگای کەنەکە بوو، ماوەی سێ ساڵیش دەبێت هاتووەتە هەولێر.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە ساڵی 1999 لە هۆڵەندا و لەسەر دەستپێشخەریی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دامەزراوە و 10 ساڵە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە.
چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، لەناو بارەگای پارتەکەی لە گەڕەکی راپەرینی هەولێر، بە رۆژی رووناک و کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ کەسێکی نەناسراوی بێ دەمامک، لە دەرگەی ئۆفیسەکە دەدات، کاتێک دەنیز دەرگا لە بکوژ دەکاتەوە، هەر لەنێو حەوشەوە تەقەی لێدەکات و رادەکات.
تاوەکو ئێستا بکوژی دەنیز دەستگیر نەکراوە، کەسوکار و بەرپرسانی کەنەکەش داوای دۆزینەوەی بکوژ و بەسزاگەیاندنی دەکەن.
شەهناز بولبون، دایکی دەنیز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کوڕەکەی من شەهیدی کوردستانە، ئێمە پێی سەربڵندین و کوڕەکەی من لە رێگەی شەرەف و ناموس رۆشتووە، کوڕەکەی من زۆر سەرکەوتوو بوو، حەیف و مخابن بۆ کوڕەکەی من."
کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی هەینی (22-09-2023)، تەرمی دەنیز لە دادپزیشکی وەرگیرایەوە و هێندرا بۆ بارەگای کەنەکە و بە رێوڕەسمێک رادەستی دایک و باوک و خێزانەکەی کرا.
نەجیب بولبون، مامی دەنیزە لەسەر کوژرانی برازاکەی دەڵێت، "تەرمەکەی دەبەینە گوندی دێلەزێ، پرسەکەمان لەوێ دادەنێین." لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی ئەوەی، "بە تەنیا بوو لێرە؟" مامی دەنیز لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، لێرە سێ ساڵ بە تەنیا بوو."
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە رایگەیاند، "هیچ هەڕەشەیەک نەبووە و ئێمە وەکو ئۆفیسی کەنەکە لە هەولێر هیچکات چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد کە بە نیوەڕۆ کەسێک بێت و لەبەردەم دەرگەی ئەم بارەگایە و ئەم ئۆفیسە کردەوەیەکی تیرۆرستی لەم شێوەیە ئەنجام بدات."
زەینەب موراد دەشڵێت، "کەس کامێرای نەبینیوە، چونکە ئێمە لێرە نەبووین، ئاسایش هاتووە و کامێرای چاودێریی ئەم ناوچەیەی هەمووی بردووە، هەموو شتێک لە بەردەستی ئاسایشە، بانگەواز لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین ئەم رووداوە وەکو زەنگی مەترسی ببینن."
ناهیدە ئەرمیش، نوێنەری هەدەپەیە لە باشووری کوردستان دەڵێت، "قەڵەمی ئەو بەرز دەکەینەوە و لەو جێگەیەی ئەویان بێدەنگ کرد، ئێمە لەوێوە خەبات دەکەین، بۆیە بەناوی هەموو هاووڵاتییان و بەناوی نوێنەرایەتیی هەدەپەش ئێمە داوا دەکەین بە زووترین کات ئەو بکوژە بدۆزرێتەوە و بناسێندرێت."