بەرگریی شارستانیی زاخۆ: تەرمی پیاوێک لە رووباری دیجلەدا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ رایگەیاند، تەرمی پیاوێک لە رووباری دیجلە دۆزراوەتەوە، کە هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە. پۆلیسی زاخۆش دەڵێت، لێکۆلینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی دەکەن.
رۆژی هەینی، 22-09-2023، رائید جەمال هەسنی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 11:00ـی پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ لە دۆزینەوەی تەرمێک لە رووباری دیجلە ئاگادارکرانەوە و راستەوخۆ تیمەکانیان سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی، ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە تەرمی پیاوێک بووە و هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە. رائید جەمال هەسنی دەڵێت، دوای ئەوەی تیمەکانیان تەرمەکەیان دەرهێناوە راستەوخۆ کەیسەکە رادەستی پۆلیسی زاخۆ کراوە.
هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "تەرمی هاووڵاتییەک لە رووباری دیجلە دۆزراوەتەوە و راستەوخۆ بنکەی پۆلیسی رزگاری لەگەڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی زاخۆ تەرمی ئەو کەسەیان دەرهێناوە و رەوانەی دادپزیشکی زاخۆ کراوە بۆ ئەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی بزانرێت."
بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی زاخۆ، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی و ئاشکراکردنی ناسنامەکەی دەستیپێکردووە، چونکە لە کاتی دۆزێنەوەیدا هیچ جۆرە ناسنامەیەکی پێ نەبووە.