لە کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتی 260 کەس بە ئەندامی کۆنگرە هەڵبژێردران

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی رایگەیاند، لە کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتی 260 کەس وەکو ئەندامی کۆنگرەی پێنج هەڵبژێردراون کە نزیکەی 60ـیان ژنن. دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی کۆبوونەوەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی کۆنگرە بکرێت.
 
رۆژی هەینی، 22-09-2023، قادر عەدۆ، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەندامانی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی بە گشتی 600 ئەندامن و بەشداری ژنان 25٪ـە. دوێنێ لە کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان 260 ئەندام بەشێوەی هەڵبژاردن دیاریکراون، کە نزیکەی 60ـیان ژنن."
 
بە گوتەی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی، جگە لەو 260 ئەندامە، 340 کەسی دیکە راستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنگرە، لەوانەش ئەندامانی ئێستا و پێشووی سەرکردایەتی، دەستەی دامەزرێنەران و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
 
بڕیارە 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بەڕێوەبچێت. قادر عەدۆ لەبارەی میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەب و مەڵبەندەکان بۆ کۆنگرە گوتی، "هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، مافی خۆپاڵاوتنیشیان هەبوو."
 
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی ئاماژەی بە هەنگاوی دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە کرد و گوتی، "هەنگاوی دواتر ئەوەیە سەرجەم ئەندامان رۆژی 26ـی ئەم مانگە دەچنە سلێمانی و پاشان  بۆ قەلاچوالان و کارتیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی 27ـی ئەم مانگە بەشداری کۆنگرە بکەن."
 
بە گوتەی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی، بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک بکرێت بۆ دیاریکردنی سەرۆکی کۆنگرەی یەکێتی کە باس لەوە دەکرێت "رەنگە عەدنان موفتی" بە سەرۆکی کۆنگرە هەڵبژدرێت. 
 
دەگوترێت لە کۆنگرەی داهاتوو، سەرۆک جێگرێک یان زیاتری دەبێت. قادر عەدۆ گوتی: "هێشتا یەکلا نەبووەتەوە، بەڵام باس لەوەش دەکرێت کە لە کۆنگرە جێگر بۆ سەرۆک هەڵبژێدرێت کە باس لە دوو و سێ جێگریش دەکرێت."
 
رۆژی 20-08-2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت؛ رۆژی 27-08-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی کۆنگرە کۆبووەوە.
 
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، لە تەلاری هونەری ناوەندی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بڕیارە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە 124 کەسەوە بۆ نیوە کەمبکرێنەوە. هەروەها کۆنگرەی پێنج 600 ئەندامی دەبێت.