تەیف سامی بۆچی مووچەی هەرێمی کوردستان نانێرێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقی لەرێگەی راپۆرتێکەوە تەیف سامیی ئاگادارکردووەتەوە کە لە لیستی 28 وەزارەت و دەستەی هەرێمی کوردستان کێشەی هەیە. 

رووداو زانیویەتی لە تێبینییەکاندا هاتووە لە لیستی مووچەخۆراندا ناوی نوێ زیادکراوە و ژمارەیەکی زۆریشیان بەتایبەتی لە هێزە ئەمنییەکان لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ناویان هەیە و دوو مووچە وەردەگرن. 

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەکۆی هەموو وەزارەت و دەستە و سەرۆکایەییەکان، تەنیا دەستەی ژینگە و چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی کێشەی نەبووە، 28 شوێنی دیکە بەداخەوە جیاوازیی زۆر لە نێو لیستەکاندا هەیە. بڕی مووچە زۆر بەرزبووەتەوە، دامەزراندنی تازەی زۆر تێدایە. هەموو ئەم گرفتانە بە راپۆرتێک بەرزکراونەتەوە بۆ وەزیری دارایی بۆ ئەوەی ئەویش لەگەڵ سەرۆک وەزیران قسە بکات." 

بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق چاوەڕێی رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەمە یەکلایی بکرێتەوە. 

یاس حوسەینی، ئەندامی لیژنەی ئابووری دەڵێت: "لەسەر هەردوولا پێویستە پابەندی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بن، لەسەر هەردوولا پێویستە پابەندی بڕیارەکانی یاسای بودجەی فیدراڵیی بن، تاوەکو هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و دۆخەکە بەئاسایی بڕواتە پێش، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کێشەکان دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە و بەردەوام دەبن، لەڕاستیدا حکومەتی عێراق ئەم ماوەیە زۆر لە ماوەکانی پێشوو هاوکاریی هەرێمی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان." 

تاوەکو ئێستا تەنیا ملیارێک چوارسەد و 26 ملیۆن دینار، کە دەکاتە 1٪ـی مووچەی مووچەخۆرانیش لە بەغدا فەرمانی خەرجکردنیان دەرچووە کە بریتین لە دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگە و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.