لە 40 رۆژدا 10 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان مردار بوون
رووداو دیجیتاڵ
بێ بازاڕییەکی زۆر رووی لە دووکانی مریشکفرۆشەکان کردووە و هۆکارەکەی گرانبوونی نرخی مریشکە، بەهۆی مرداربوونی ملیۆنان مریشک لە پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان.
لەماوەی هەفتەیەکدا نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان لە دوو هەزار دینارەوە بۆ سێ هەزار دینار و زیاتریش بەرزبووەتەوە.
مریشکفرۆشێک کە زیاتر لە 20 ساڵە فرۆشتنی مریشک پیشەیەتی، دەڵێ گرانبوونی نرخی مریشک، بازاڕی کارەکەمانی تەواو لاواز کردووە.
حاجی رەفیق، مریشکفرۆش لە سلێمانی بە رووداوی گوت گرانبوونی نرخی مریشک "نیواو نیو و زیاتریش کاریگەری لەسەر ئیشی ئێمە هەبووە. کەمێک لەمەوبەر مریشکفرۆشێکی هاوڕێم پێیگوتم 'لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە، سێ مریشکم فرۆشتووە.' بەخوا ئێمە لەم دووکانەدا دوێنێ 200 هەزار دینارمان زەرەر کردووە، چونکە مریشکمان ئەوندە کەم فرۆشتووە، هێندەی خەرجی و کرێمان نەبووە."
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان، لەماوەی 40 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە هەشت ملیۆن مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی سێ جۆر نەخۆشی لەنێویاندا، مردار بوون.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان بە رووداوی راگەیاند "ئەم ڤایرۆسانە ناویان ئایبی، نیوکاسڵ و گەمبۆرەیە، بەتایبەتی نیو کاسڵ (لە هەموویان ترسناکترە). ئێمە گوتوومانە هەشت بۆ 10 ملیۆن مریشک مردار بوون، بەڵام ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە، چونکە لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار کێڵگەی پەلەوەری هەن، هەمووشیان زۆر مریشکیان مردار بوون؛ ئەگەر هەر کێڵگەیەک پێنج هەزار مریشکیشی مرداربووبێت، دەکاتە ١٥ ملیۆن، بەڵام ئێمە ئەو ژمارەیەمان نەگوتووە".
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەولێر دەڵێ هۆکاری مرداربوونی ئەو هەموو مریشکە، بوونی ڤاکسینی جۆراوجۆری بازرگانی و یەکنەخستنی ڤاکسینە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
حەیدەر فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیشەسازیی پەلەوەریی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو، ڤاکسین لە دەستی حکومەتدایە نەوەک بازرگان، چونکە ئەگەر حکومەت خۆی بیهێنێت ئەوا جێگەکەی دەزانین کە لە کوێوە هاتووە، دەمانەوێت حکومەت بە پارەش بمانداتێ نەوەک بەخۆڕایی، تەنها بۆ ئەوەی گرفتمان بۆ دروست نەبێت."
د. عوسمان جەمال، پسپۆڕی ڤێتێرنەری لەبارەی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەوە لەنێو مریشکەکاندا گوتی "هۆکار زۆرن، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە؛ ئەو هێلکانەی لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنرێن تاوەکو لێرە بخرێنە هەڵهێنەر و هەڵبهێندرێن، ڤایرۆسیان پێوەیە و ئەو ڤایرۆسەش لە هێلکەکەوە بۆ جوجکەکە دەگوازرێتەوە، ئیتر مریشکەکە کە گەورە دەبێت، دەمرێت، بۆیە هیوادارم رێکارەکانی پشکنینی ئەو هێلکانە زیاتر بکرێن تاوەکو مریشکەکان سەلامەت بن."
دیار نییە کەی نرخی ئەم خۆراکە پڕ خواستە دادەبەزێت، بەڵام ئەوەی دیارە؛ هەموو چاوەکان روو لە حکومەتن تاوەکو خۆی کۆنترۆڵی ڤاکسین بکات.