شارەوانیی سلێمانی: هەر کەسێک ریکلام لەسەر دیوارەکان بکات سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، هەر کەسێک لەسەر دیوار و ئەندەر پاسەکان ریکلام بنووسێ، دەبێت دیوارەکە پاک بکاتەوە، ئەگەرنا بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 22-08-2023، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شارەوانیی سلێمانی ماوەیەکە دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە بۆ جوانکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، ئێستا هەڵمەتێکی دیکەمان دەستپێکردووە کە پاککردنەوەی دیوار، ئەندەرپاسەکان و ئەو شوێنانەیە کە خەڵک ریکلامی لێ نووسیوە و داوایان لێدەکرێت دووبارە دیوارەکان بۆیاخ بکەن و پاکیبکەنەوە."
بەگوتەی سەردەشت رەفیق، دوای پاککردنەوەی دیوارەکان هەر کەسێک دووبارە ریکلام بنووسێت ناوی دەدرێتە بەشی یاسایی و ئەوان سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن، هەر کەسێکیش پەیوەندی پێوە کرا و ئامادەنەبوو بەدەم داواکارییەکە بێت بۆ پاککردنەوەی دیوارەکان، ئەوە ئەویش سکاڵای لەسەر دەکرێت و بە پێبژاردن سزادەدرێت و دەدرێتە دادگاش."
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، زۆربەی ئەو دیوارانەی لە سلێمانی پیس کراون ئەوانەن، کە ریکلامی بازرگانی لەسەر نووسراوە و دەڵێت، " هەندێک هاووڵاتی دوای ئەوەی دیوارەکان پاک دەکەینەوە دووبارە ریکلامی لەسەر دەنووسن، بە نموونە دوێنی دیواری گۆڕستانی شێخ ئەحمدی هندی پاککرایەوە، دواتر دووبارە هاووڵاتییەک بەشێوازێکی ناشرین ژمارەی خۆی و پیشەکەی نووسیوە بۆیە راستەوخۆ ناوی دراوەتە بەشی یاسا لە شارەوانی بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."