وەزیری پەروەردە مۆڵەتی خوێندن دەداتە ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی ناویان بۆ خوێندنی باڵا هاتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی وەزارەتی پەروەردە، کە فەرمانی وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا دەرچووە بەبێ جیاوازی مۆڵەتی خوێندنیان دەدرێتێ.
 
رۆژی سیشەممە، 22-08-2023، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لە وەزارەتی پەروەردەن و فەرمانی وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانی کوردستان بۆ دەرچووە یان بۆیان دەردەچێت، وێڕای پیرۆزبایم بۆ هەموویان بەبێ جیاوازی مۆڵەتی خوێندنیان پێدەدەین، پاشتر گشتاندن لەوبارەیەوە دەنێرین بۆ پەروەردەی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان."
 
ئالان حەمە سەعید داوا لەو زانکۆیانە کرد کە ماون فەرمانی وەرگرتن دەربکەن، بۆ ئەوەی  بتوانن بە زووترین کات فەرمانی وەرگیراوان دەربکەن و بۆیان دیاری بکەن لە مانگی چەندەوە وەک قوتابی خوێندنی باڵا دەستبەکار دەبن، چونکە لە وەزارەتی دەبێت بەشە وانەیان بۆ دیاری نەکرێت و ئەو بۆشاییەی کە هەیە پڕبکرێتەوە.
 
وەزیری پەروەردە لەگەڵ وەزیری پلاندانان گفتوگۆی کردووە و دەڵێت، "گفتوگۆمان کردووە و ئەو رێژەیەی لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن پەسەندکراون مۆڵەتیان پێبدرێت و لەم بارەیەوە گرفتیان نابێت."
 
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زیاتر لە حەوت هەزار کورسی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە دبلۆمی باڵای یەک ساڵە 2308 کورسی، دبلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی 160، ماستەر 3312 و دکتۆرا 1834 کورسی بوو.