نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ: ئەمساڵ نەکرێینە گرێبەست بایکۆت دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، داوایان کردووە لە قۆناخی یەکەم هەموو مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست و لە قۆناخی دووەمیشدا هەموو ئەوانەی خزمەتیان لە هەشت ساڵ زیاترە بکرێنە هەمیشەیی، ئەگەرنا لە ساڵی نوێی خوێندن بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 22-08-2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوو مانگی رابردوو بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی و پەروەردە درا بۆ ئەوەی وردبینی لەبارەی ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ بکەن. لێژنەکە لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەت پێکهات و دواتر ئەنجامی وردبینییەکانیان بە نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردەوە."
بە گوتەی ئەو نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، وەزارەتی دارایی و پەروەردەی هەرێمی کودستان لە نووسراوەکەیان بۆ ئەنجوومەنی وەزران داوایان کردووە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، کە بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئەوان ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 36 هەزار و 542 کەسن و زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیکە پێویستە بۆ ئەوەی هەموو مامۆستایان بکرێنە گرێبەست.
شایستەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ لەنێوان 200 هەزار بۆ 400 هەزار دینارە. کارۆخ عەبدولڵا دەڵێت، وەک مامۆستایانی وانەبێژ دوو پێشنیازیان هەیە، لە قۆناخی یەکەم هەموو مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، لە قۆناخی دووەم ئەوانەی ساڵانەی خزمەتیان هەشت ساڵ بەرەو سەرەوەیە بکرێنە هەمیشەیی کە لە کۆی زیاتر لە 36 هەزار مامۆستای وانەبێژ ئەوان ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزارە.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەدات و دەڵێت، "ئەگەر بۆ ساڵی نوێ خوێندنی 2022-2023 هەموو مامۆستایانی وانەبێژ نەکرێنە گرێبەست ئەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن و دەست بە گردبوونەوە دەکەن." ئەوەش لە کاتێکدایە مامۆستایانی وانەبێژ 25٪ـی کۆی میلاکاتی پەروەردە پێکدەهێنن.
رۆژی یەکشەممە، 20ی ئابی 2023 نزیکەی 400 مامۆستای وانەبێژ چوونە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و داوای دامەزراندنیان دەکرد. هەر ئەو کات عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ گەیشتنمان هێزێکی گەورەی ئەمنی رێگرییان کرد و گوتیان، نابێت خۆپێشاندان بکەن."
عەلی رەئووف گوتیشی، مامۆستای وانەبێژ هەیە 15 ساڵە وەکو وانەبێژ دەوام دەکات و نایەوێت بکرێتە گرێبەست و داوای ئەوان دامەزراندنیانە بەشێوەی هەمیشەیی.
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە؛ کۆی پارەی مووچەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی هەموویان بکرێن بە گرێبەست زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیکە پێویستە.