پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان: ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان بۆ نزیکەی 180 دانە زیادیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن، کە بە قسەی پسپۆڕان و بەرپرسانی حکومەت، جگە لە زیانی تەندروستی و ژینگەیی، بەشێکیان بوونەتە دەرچەیەک بۆ ساخکردنەوەی سووتەمەنیی کوالێتی خراپ.
کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 180 پاڵاوگە دەبێت و دابەشبوونیشیان بە جۆرێکە، نزیکەی 75 دانەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، 32 دانەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و 26 دانەشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند، پێشتر 214 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام سێ ساڵ لەمەوبەر بەشێکی زۆریان داخران، سەرەڕای ئەوەش ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیان بۆ نزیکەی 180 پاڵاوگە زیادیکردەوە.
لە مانگی نیسانی 2021دا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان بۆ داخستنی 169 پاڵاوگەی نایاسایی پێکهێناوە و دادەخرێن.
بەپێی بڕیاری پارێزگاری دهۆک، دەبێت تاوەکو 25ی مانگی ئابی 2021 سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لەو پارێزگایە دابخرێن.
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنووری رووبەرێکی 50 کیلۆمەتر چوارگۆشەیی زیانی گەورە بە خەڵک و ناوچەکان دەگەیێنن و گوتیشی، بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان دەدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان کە بەپێی توێژینەوەکانی بەردەستیان دەرکەوتووە ماددەی ژەهراوی وەهایان تێدایە کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە.
پاڵاوگە نایاساییەکان لە دەرەوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و هیچ مۆڵەتێکی فەرمی کارکردنییان نییە.
ئەو پاڵاوگانە دەبنە هۆی دەردانی چەندین گازی زیانبەخش کە زیانێکی زۆر بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیێنن.
عەللا ئەسەدی، شارەزای بواری نەوت باس لەوە دەکات "ئەو پاڵاوگانە پاڵاوگەی قەبارە بچووکن، تاوەری پاڵاوتن کە لە پاڵاوگەکاندا سەرەکین، ئەگەر باش بێت ئەوا بەرهەمەکان باش دەبن، بەڵام لێرە دەچن تاوەری تورکی یان چینی یان هیندی دەهێنن و ئەوانە نرخیان کەمە و کوالێتییان خراپە و دەردانی گازی زۆریان هەیە، لەنێو نەوتدا 37 ماددەی کیمیایی هەن کە بەهۆی باش نەپاڵاوتنیەوە نزیکەی 30 ماددەی گازی و ناگازی هەن کە نەپاڵێوراون و دەچنە نێو هەوا و هۆکاری بۆنی ناخۆش و پیسکردنی ژینگەن".
چەند جارێک ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازیان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە کە نەوت بە پاڵاوگە نایاساییەکان نەدات و رایانگەیاندووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە سەرەتای داخستنیان. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رەتیدەکاتەوە نەوتی خاوی پێدابن.