لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئامێرێکی هەڵکەندن لە چیای گابار ئەندازیارێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ناسنامەی ئەو ئەندازیارە ئاشکرا کرا کە لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئامێرێکی هەڵکەندن لە کێڵگەیەکی نەوت لە چیای گاباری باکووری کوردستان گیانی لەدەستدا.
ئەندازیارەکە ناوی محەممەد عیرفان گولەرە. پارێزگای شرنەخ رایگەیاند، تەرمەکەی لە ژێر داروپەردوو دەرهێندراوە.
رۆژی یەکشەممە 21ـی تەممووز لە ناوچەیەکی گەڕان بە دوای نەوتدا لە چیای گابار سەر بە پارێزگای شرنەخ ئامێرێکی هەڵکەندن وەرگەڕا و سێ هاووڵاتی گیریانخوارد.
دووان لەوان کرێکار بوون و بە برینداری رزگارکران و گوێزرانەوە نەخۆشخانە. هاووڵاتیی سێیەم ئەندازیار محەممەد عیرفان گولەر بوو کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا.
کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدا، "رووداوەکە لە ئەنجامی داڕمانی زەوییە کۆنکرێتییەکەی ژێر ئامێرەکە روویداوە. لە رووداوەکەدا سێ کەس لە ژێر داروپەردوودا گیریان خوارد؛ دوو کەسیان بە برینداری رزگارکران و ئەندازیار محەممەد عیرفان گولەر گیانی لەدەستدا".
کۆمپانیای نەوتی تورکیا دەڵێ، پشکنەرێک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستنیشان کراوە.
چیای گابار یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان. رۆژی 19ـی تەممووزی ئەم ساڵ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە ئەیلوولی 2021 ـەوە بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە 41 بیری نەوت لە چیای گابار گەیشتووەتە 45 هەزار بەرمیل و ئامانجیان ئەوەیە تا کۆتایی ئەم ساڵ بیگەننە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە.