فیلمی 'شاردنەوەی سەدام' 12 ساڵ کاری تێدا کراوە
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی دڵگیری عەلا نامیق دەگێڕێتەوە، کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
فیلمەکە کە 12 ساڵ کاری تێدا کراوە، لە یەکەم نیشاندانییەوە سەرنجی بینەرانی راکێشا، بەشێک لە بەشداربووان لە یەکەم رۆژی نماییشکردنی، لە سلێمانییەوە هاتبوونە هەولێر بۆ سەیرکردنی، یەکێک لەوانە ڤانیا سالار، سینەماکاری کورد بوو.
ڤانیا دەڵێ "پێویستە بیزانن، لەبەرئەوەی لەم سەردەمەدا کە کورد لە کوردستانەوە بەهۆی رژێمی بەعسەوە ناخۆشی و نەهامەتی زۆر بینیوە. بۆیە هەموو تاکێکی کورد لە دوای ئەو سەردەمە، ئەو نەوەیەی کە دروست دەبن، پێویستە زانیارییان هەبێ، بۆ ئەوەی بزانن دوژمنانی کورد چییان بۆ کەسانی پێش خۆیان کردووە، بە نەتەوەکەیان کردووە، وا پێویستە فیلمی بەم جۆرەش بکرێن، مێژووی خۆمان دروست بکرێت بۆ ئەوەی بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە."
بینەران 90 خولەك سەیری فیلمی "شاردنەوەی سەدام"ـیان کرد. پێیان وایە ئەم فیلمە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هەموو کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت.
محەممەد سابر، مەیکەپ ئارتیستە و بینەری فیلمەکە بووە، گوتی "زۆر زۆر گرنگە، گفتوگۆیەکی تێدا بوو زۆر سەرنجی راکێشام، کە دەڵێ 'ئێمە نەماندەزانی سەدام دیکتاتۆرە'. وایان لە ئێمە گەیاندووە لە ناوچەکەی خۆی سەدام زۆر باشە، ئەوەشیان لە ئێمە گەیاندووە کە سەدام دیکتاتۆرە، واتا ئەوە هاوسەنگییەکی زۆر باشە بۆ هەردوولایان، ئەو گفتوگۆیەی زۆر تایبەت بوو."
محەممەد بەردەوامە لە باسکردنی فیلمەکە و دەڵێ "ئەو کەسەی ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە دەڵێ، ئێمە نەمانزانی سەدام وایکردووە، دوور بووین لە هەموو شتێك، هەر بە ئێمەیان گوتووە، سەدام کەسێکی باشە، زۆر چاکە. واتە گوتەکان، گێڕانەوەکان، چیرۆکەکە راستییە، شتێکی زۆر جوان بوو."
سیڤەر سەردار، قوتابییەکە لە هەولێر و چووە بۆ بینینی فیلمەکە، ئەویش بەمشێوەیە سەرنجی خۆی لەبارەی فیلمەکە باس دەکات "سەرەتا پێش فیلمەکە، هیچ زانیارییەکەم سەبارەت بە سەدام نەبوو کە کێیە و کێ نییە، بەڵام کە سەیری فیلمەکەم کرد، زانیم سەدام حوسێن کێیە، چی کردووە و چی نەکردووە، داوا لەو کەسانەی دەکەم کە هاوتەمەنی خۆمن، بێن سەیری ئەو فیلمە بکەن."
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە، هەوڵی زۆری داوە تاوەکو لە چیرۆکەکەدا ئەو کەسەی سەدام حوسێنی لە چاڵێکدا شاردبووەوە، بهێنێتەگۆ.
هەڵکەوت باسی چیرۆکی فیلمەکەی بۆ رووداو کرد "زۆر گرنگە، بۆ ئێمە بزانین خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات کۆتاییەکەی چییە، سەدام کە 35 ساڵ حکومی کوردی کرد، ئەو 235 رۆژەی دیار نەما، چۆن ژیا. بۆ مرۆڤی ئێمە، وەکو کورد بتوانین وانەیەک لە رابردووی خۆمان فێربین، بتوانین پێگە و دەسەڵاتی خۆمان باش بکەین."
رۆژی 20ـی ئاداری 2003، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام دەستپێکرد و رۆژی 9ـی نیسانی 2003 بەغدا کۆنترۆڵکرا و بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات.
سەدام حوسێن بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەک تاوانبار ناسێندرا، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بە هەڵواسینی.
کاتی نمایشی فیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە هەرێمی کوردستان:
سینەما ئیمپایەر لە هەولێر
14:00
16:30
19:00
22:00
سیتی سینەما لە سلێمانی
16:00
18:00
20:00
22:00
دۆک مۆڵ لە دهۆک
15:30
19:00