لە چیای ئاگری تەرمی دوو شاخەوانەکە دۆزرانەوە کە لە 20 ئەم مانگەوە بێسەروشوێن بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان، تەرمی دوو شاخەوان دۆزرایەوە کە رۆژی 20ـی تەممووز لە چیای ئاگری بێسەروشوێن ببوون. تیمەکانی ئافاد بۆ هێنانەخوارەوەی تەرمەکان بەڕێکەوتوون.
شەوی یەکشەممە 21ـی تەممووز، بارزانی جەیلان، رێبەری گەشتیاری و هاوڕێیەکی بە ئامانجی دۆزینەوەی ئەو دوو شاخەوانە بێسەروشوێنە بەرەوە لووتکەی چیای ئاگری بەڕێکەوتن. لە بەرزایی چوار هەزار و 900 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریا تەرمی شاخەوانان دیلەک گۆکبوڵاک و محەممەد داڵگن ـیان دۆزییەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەیانی رۆژی دووشەممە 22ـی تەممووز، تیمەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بۆ هێنانەخوارەوەی تەرمەکان بەڕێکەوتن.
بەیانی رۆژی شەممە 20ـی تەممووز، گرووپێکی شاخەوانی کە کەسانی بیانییان لەنێودابوو لە سنووری شارۆچکەی بازید بەرەو لووتکەی چیای ئاگری بەڕێکەوتن کە پێنج هەزار و 137 مەتر لە رووی ئاستی دەریاوە بەرزە و لەسەر ئاستی بەکووری کوردستان و تورکیا بەرزترین لووتکەیە.
بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، دوو لە شاخەوانەکان لە بەرزایی پێنج هەزار و 50 مەتر بێسەروشوێن بوون کە هاووڵاتی تورکیان و یەکێکیان ژنە.
هەمان رۆژ یەکێکی دیکە لەو تیمە کە هاووڵاتی هۆڵەندایە و تەمەنی 51 ساڵە، لە نزیک ئەو کامپەی لە بەزرایی چوار هەزار و 200 مەتر دایان نابوو، قاچی شکا.