کورد بە خۆپێشاندان یادی 100 ساڵەی پەیمانی لۆزان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان کە بووە هۆی نەگەیشتنی کورد بە خەونی کوردستانی سەربەخۆ، ئەمڕۆ (شەممە، 22ـی تەمووزی 2023)، لە سویسرا لە دژی پەیماننامەکە خۆپێشاندان کرا.
خۆپێشاندانەکە لە شاری لۆزان بە بەشداری نزیکەی 15 هەزار کەس لە رەوەندی هەر چوار پارچەی کوردستان و لە شاری جنێفیش بە بەشداریی دەیان کەس لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
هاونیشتمانیان لە لۆزان، بە خوولەکێک وەستان بۆ گیانی "شەهیدانی رێبازی کوردایەتی"، سروودی ئەی رەقیب، گۆرانیی کوردی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، ئاڵای پەکەکە و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ناڕەزایی خۆیان لە دژی پەیمانەکە دەربڕی.
پەیماننامەی لۆزان لە 24ـی تەمووزی 1923 لەلایەن تورکیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و یۆگۆسلاڤیا بۆ دیاریکردنی سنووری نوێی تورکیا واژۆکرا، کە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەو بەڵێنانەی سێ ساڵ پێشتر بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە پەیماننامەی سیڤەردا بە کورد درابوون.
لە شاری جنێڤیش، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆپێشاندەرانی کورد، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی درووشمی کوردانە، ناڕەزاییان دژی پەیماننامەی لۆزان و ئەو مامەڵەیە دەربڕی، کە لە سەت ساڵی رابردوودا لەلایەن حکومەتەکانی عێراق، تورکیا، سووریا و ئێران بەرامبەر بە کورد کراوە.
محەممەد زەیتۆ، کە خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە، لەنێو خۆپێشاندانەکەدا بە رووداوی گوت "دوای سەت ساڵ، ئێمە دەمانەوێت پەیماننامەی لۆزان شەرمەزار بکەین، چونکە کوردستانی کردە چوار پارچە".
لە سەرەتای سەتەی بیستەم، کورد هەوڵی سەربەخۆیی کوردستانی گەورەی دا. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و تێکشکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هاوپەیمانە رۆژئاواییە براوەکانی جەنگ لە ساڵی 1920ـدا لە پەیماننامەی سیڤەردا بەڵێنی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان بە کورد دا. بەڵام سێ ساڵ دواتر، بەهۆی دروستبوونی بزووتنەوەیەکی تورکی نەتەوەپەرست بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک، پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشێنرایەوە و پەیمانی لۆزان بەسترا بۆ دیاریکردنی سنووری تورکیای نوێ، کە هیچ بڕگەیەکی تێدا نەبوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد. لە ئەنجامدا، کورد لە تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا بوون بە یەکێک لە پێکهاتە کەمینەکان و هەموو هەوڵێکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە رێگەی هێزەوە سەرکوتکرا، دوایینیشیان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017ـی باشووری کوردستان بوو، کە وێڕای ئەوەی 93٪ـی خەڵک بە بەڵێ دەنگیان دا، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی دەرەکی، شکستیهێنا.
خورشید عەلی، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکەی جنێڤ، بە رووداوی گوت "ئێمە هاتووین ئەم پەیماننامەیە سەرکۆنە بکەین کە بووەتە هۆی دەیان جینۆساید، دەیان کۆمەڵکوژی و ملیۆنان کۆچبەر و پەنابەر. بەداخەوە، تاوەکو ئەمڕۆش کارەساتەکەی بەردەوامە".
محەممەد زەیتۆ دەڵێت "کورد وەکو سەت ساڵ لەمەوبەر نییە، ئێستا کورد بەهێزە؛ داوادەکەین ئەو پەیمانە هەڵبووەشێنرێتەوە و یەکێکی نوێ دروستبێت کە تێیدا مافی کورد پارێزراو بێت".
سەت ساڵ دوای پەیماننامەی لۆزان کە لە لایەن تورکیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و یۆگۆسلاڤیا واژۆکرا، هێشتا کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، کە بە گوێرەی پەیمانگەی کوردی لە سویسرا، ژمارەیان لە سەرانسەری جیهان گەیشتووەتە زیاتر لە 70 ملیۆن کەس.
قەیس عەلی، هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان، لەنێو خۆپێشاندانەکەی جنێڤدا داوای یەکگرتوویی کورد دەکات و دەڵێت "ئەم پەیمانە رەشە کوردستانی کرد بە چوار پارچە. ئەگەر کوردستان چوار پارچەش بێت، ئێمەی میللەت دەبێت یەک دەست و یەک گیان و یەک دڵ بین بۆ ئەوەی پێکەوە شتێک بۆ کوردستان بکەین".
زۆربەی خۆپێشاندەران ئاڵای سوور، سەوز، سپی و خۆرە زەردە 21 تیشکییەکەیان هەڵگرتبوو، کە دوای کۆمارە هەڵوەشێنراوەکانی ئاگری (1927 - 1931) و مهاباد (کانوونی دووەم - کانوونی یەکەمی 1946) لە ساڵی 1992ـەوە بە گۆڕانکارییەکی سادەوە بووەتە ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستان.
رێکخەرێکی دیکەی خۆپێشاندانەکە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت، "ئەم پەیماننامە شوومە بێ ئامادەبوونی کورد واژۆکراوە،" و دەیانەوێت بە سمینار و چالاکیی جۆراوجۆر "پەیامی کوردستانی" بگەیێننە نەتەوە یەکگرتووەکان بەوەی کە "تاوەکو کوردستان ئازاد نەبێت، هیچ دیموکراسیێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرناگرێت".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، نامەیەکیان بۆ سەرکۆنەکردنی پەیماننامەکە و داواکارییەکانی خۆپێشاندەران، بە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان داوە.