چیرۆکی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەک لە خەبات لە خەمی مردنی برایەکی بە رووداوی هاتووچۆ


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ کەسێک لە قەزای خەبات بە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا کە تەمەنی 44 ساڵ بوو؛ بەڵام خەمی کەسوکارەکەی هەر بەوە تەواو نەبوو، چونکە دوای چەند خولەکێک لە رووداوەکە و دوای ئەوەی برای گەورەی بە رووداوەکە دەزانێت، ئەویش جەڵتە لێی دا و گیانی لەدەستدا کە تەمەنی 54 ساڵ بوو.
 
ئەحمەد قاسم، کوڕی ئەو هاونیشتمانییەی کە دوای گوێبیستبوونی هەواڵی کۆچی دوایی برای بە جەڵتە گیانی لەدەستدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەیانی لەگەڵ باوکم نانمان دەخوارد، تەلەفۆنێکی بۆ هات مامم بوو، گوتی کە برای لە باوکم بچووکتر بەناوی هێرش بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە، ئیدی بەیەکەوە چووین و زۆر خەمی خوارد، هەتا چووین هەر لە خۆی دەدا، هێندەی بۆ خەڵک باش بوو بۆ ئێمە وانەبوو، ئەگەر نانێکی هەبووایە سێ بەشی دەدا بە خەڵک ئەگەر بەشێکی دابا بە ئێمە، کە گەیشتینە سەر تەرمەکە دەستی کردە ملی و ماممی دیت کە دەموچاوی شێواو بوو، خۆی پێڕانەگیرا و گوتی سنگم دێشی، من و ئامۆزاکەم گەڕاندمانەوە." 
 
هێرش باوکی شەش منداڵ بووە و قاسمیش هەشت منداڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە. سەڵاح ساڵح، کوڕی خاڵی قاسم و هێرش دەڵێت، "بەیانی چوو بۆ ئیش، ئیشەکەی ئەوە بوو لێرەوە رەمل و زیخ و قومی دەبرد بۆ موسڵ." 
 
رووداوە هاتووچۆکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم پارکی خەبات روویدا؛ تانکەرێک، قەلابێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا لەیەکیاندا، جگە لە گیانلەدەستدانی هێرش، شۆفێری تانکەرەکە و شۆفێر و سەرنشینیێکی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەش برینداربوون. بە گوتەی شاهێدحاڵەکان، قەلابەکە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و چووە بۆ سایدی بەرامبەر و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە. 
 
شاهێدحاڵێک دەڵێت، "داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە خەبات تاوەکو هەولێر، رێگەکەمان زۆر سەختە بەڕاستی بێت ببینێت بە چاوی خۆی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان با ببینێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان با هەموو ببینن کە ئەو رێگەیەمان زۆر خراپە."
 
ئەو رووداوە هاتووچۆیە و چیرۆکی دوای ئەوە، رەنگە وەکو بەسەرهاتێکی کەموێنەی وەفای برایەک بۆ برایەکی دیکەی، هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.