رزگاربوویێکی 10 ساڵانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا داوای دایک و باوکی دەکات و نازانێت بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ 

کچێکی تەمەن 10 ساڵانی خەڵکی پارێزگەی هەولێر، کە لە رووداوی تێکشکانی بەلەمەکەی نزیک ئیتاڵیا رزگاری بووە، لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە داوای بینینی دایک و باوکی دەکات، بەڵام نازانێت هەردووکیان لە رووداوەکەدا بێسەروشوێن بوون. 
 
میدیای ئیتاڵی دەڵێت، لارین بەهۆی ئازاری دەست و باسکی دەگریێت و داوای دایک و باوک و خوشکە بچووکەکەی دەکات، سوپاسی دکتۆر و پەرستارەکان دەکات، کە چاودێریی دەکەن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ئیتاڵیا پوورێکی لارین لە سوێدەوە چووەتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی لە لای بمێنێتەوە. پوورێکی دیکەی بە ناوی موژدە عومەر، لەگەڵ منداڵێکی، لە بەمەلەکە رزگاریان بووە. 
 
ئەنتۆنیۆ مۆزۆلینۆ، بەڕێوەبەری بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی لۆکری لە هەرێمی کالابریای ئیتاڵیا لە بارەی لارینەوە دەڵێت "کچە بچووکەکە بەردەوام سوپاسمان دەکات لەبەرامبەر ئەو شتەی بۆمان کردووە، تەنیا بە ئاماژە لێی تێدەگەین، چونکە تەنیا بە عێراقی قسە دەکات."
 
دکتۆرەکە دەشڵێت "ئەوەی ئێمە خەمگین و بێچارە دەکات ئەوەیە؛ بەردەوام داوای خێزانەکەی دەکات، چونکە دایک و باوکی سەردانیان نەکردووە."
 
بەگوتەی رزگاربووان، بەلەمەکە 76 کۆچبەری تێدابووە، کە زۆربەیان کورد بوون، 13 حوزەیران لە بۆدروومی تورکیا بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتبوو و 16ـی مانگ هەواڵی تێکشكانی بڵاوبووەوە. 100 کەس رزگاریان بووە، تەرمی 34 کەسیش دۆزراوەتەوە و ئەوانی دیکەش بێسەروشوێنن. 
 
بەلەمەکە لە دووریی 190 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کالبریای ئیتاڵیاوە لەنێو دەریای یۆنان تێکشکاوە.
 
لارین چۆن رزگاری بوو؟
 
دوای دەرهێنانی سندووقی ئاو و خواردن لە پشتەوەی بەلەمەکە بۆ ئەوەی بیدەنە کۆچبەرانی تینوو و برسی، ماتۆڕی بەلەمەکە گڕیگرتووە و بەلەمەکە کون بووە. لە ئەنجامدا بەلەمەکە کەوتووەتە سەر لا و ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران کەوتنە نێو دەریا، ژمارەیەکیشیان خۆیان بە بەلەمەکەوە گرت تاوەکو ئەو کاتەی راستبووە و بە نیمچە نقومبوویی مایەوە، ئەمە بە گوتەی ئەو رزگاربووانەی قسەیان بۆ رووداو کرد.
 
بە گوتەی میدیای ئیتاڵی، لارینیش خۆی بە بەلەمەکەوە گرتبوو تاوەکو ئەو کاتەی تیمەکانی فریاکەوتن بەلەمەکەیان دۆزیەوە، دواتر لەگەڵ ئەوانی دیکە گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە. 
 
ژنێکی دیکەش بە زیندوویی دۆزرابووەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگەیێندرێتە بەندەرەکە، گیانی لەدەستدابوو. 
 
بە گوتەی دکتۆرەکان کە قسەیان بۆ میدیای ئیتاڵی کردووە، ئێستا دۆخی لارین زۆر باش بووە. 
 
دکتۆر مۆزۆلینۆ دەڵێت "بۆ ئێمە زەحمەتە مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی لەم جۆرەدا بکەین. بەڵام هەر کە لارین باشتر بوو، کەسێک رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە بارەی دایک و باوکی، قسەی لەگەڵدا بکات، بەڵام بێگومان ئێمەی دکتۆر ئەوە ناکەین."
کچەکە نازانێت دایک و باوک و کەسوکارەکانی دیکەی لە دەریادا بێسەروشوێن بوون. 
 
ئەمڕۆ (شەممە)، گەردوون عومەر، خاڵی لارین بە رووداوی گوت، قاچاخچییەکانی بەلەمەکە کورد بوون و کۆچبەرانیان هەڵخەڵەتاندووە. 
 
گەردوون گوتی "سەرنشینانی بەلەمەکە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون. لەگەڵ خوشکەکانم بەردەوام لەسەر هێڵ بووم. ئەوان 54 کەس بوون کە برابوونە نێو بەلەمەکە، بەڵام قاچاخچییەکان 22 کۆچبەری دیکەیان سەرخستبووە نێو بەلەمەکە و بەو جۆرەش ببوونە 76 کەس." 
 
بە گوتەی گەردوون عومەر، 54 کەسەکە لەگەڵ قاچاخچییەکان بەو جۆرە رێککەوتبوون ژمارەیان زیاتر نەبێت؛ 22 کەسەکەی دیکەش بەو شێوەیە لەگەڵ قاچاخچییەکان رێککەوتبوون کەسی دیکەیان لەگەڵ نەبێت، واتە هیچ لایەکیان بە لایەنەکەی دیکە نەزانیوە تاوەکو چوونەتە نێو بەلەمەکە.
 
گەردوون عومەر کە خوشکێک، دوو زاوای و پێنج خوشکەزای لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، گوتی "قاچاخچییەکان بە ئێمەیان گوت بەلەمەکە 17 مەترە، بەڵام ئەویش 14 مەتر بوو." 
 
گەردوون عومەر دەڵێت، خاوەنی بەلەمەکە کەسێک بووە بەناوی (ح. د.)، بەڵام لەگەڵ دوو قاچاخچی دیکە بەناوەکانی (ئ.) و  (ش. ب.) مامەڵەی کردووە و ئەوانیش کوردن؛ گوتیشی: "ئەو دوو کەسەش نەفەرەکانیان داوە بە دوو قاچاخچی دیکە و ئەو دووانەی دیکە سەریان خستوون بۆ نێو بەلەمەکە، ناویان (س. گ)  و (م. هـ.) ـە".