سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین دەرچوو

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دادگەی هەولێر، دوو سزای لەسێدارەدانی بۆ بكوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، پڕۆفیسۆری كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سەڵاحەدین دەركرد.

رۆژی پێنجشەممە 22-06-2023 پارێزەر برزۆ سەعید، پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ شەشەم دانیشتنی دادگەییکردنی بکوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، کە تێیدا دوو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا."

پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی، "جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە لەسەر واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە."

رۆژی سێشەممە، 28ی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندار کرد، دوای ئەوەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.

هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی "نیشتمان عوسمانە" و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئـ. م. ق" لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەددین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د. ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022 رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیان کوشتی.

رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022 لە راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "پاش رووداوی کوشتنی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر تاوانبار دەستگیر کرا."