زیاتر لە 291 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. تائێستا زیاتر لە 291 هەزار تۆن گەنم لەلایەن سایلۆکانەوە وەرگیراوە.
رۆژی پێنجشەممە 22-06-2023 سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق 45 رۆژی دیاریکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم، ئەوان لە 27ـی ئایارەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە.
لە هەولێر 62 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
سەعید عومەر دەڵێت: "بۆ ئەوەی سەرجەم گەنمی جووتیاران کە دیاریکراوە، وەربگرین، تاوەکو 10ی شەو کار دەکەین."
بەغدا 145 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر وەردەگرێت، بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، تائێستا 62 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت. سەعید عومەر دەڵێت: "بەغدا 15 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیاران ناردووە."
لە سلێمانی 140 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە ئیدارەی راپەرین، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە لە کۆی 230 هەزار تۆن گەنم کە لەلایەن بەغداوە دیاریکراوە، 140 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
لە پارێزگای سلێمانیش لە 27ـی ئایارەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم کراوە، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت: "نزیکەی 45 بۆ 50 رۆژ دیاریکراوە بۆ ئەوەی ئەو برە گەنمەی دیاریکراوە وەریبگرین."
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی گوتی: "تائێستا 30 ملیار دینارمان بۆ نێردراوە کە 20 ملیاری دابەشکراوە و ئەوەی دیکە هەندێک رێکاری بانکی ماوە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و دابەشبکرێن."
لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 89 تۆن گەنم وەرگیراوە
لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆ 125 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت: "تائێستا زیاتر لە 89 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و 23 ملیار دیناریش بۆ جووتیاران خەرجکراوە."
پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق سنووری داناوە و دەڵێت: تەنیا 500 هەزار تۆن وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە.
پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.