مستەفا چاوڕەش: كێشەی تەقەكردنەكەی سلێمانی بە ئامادەبوونی كوڕێكی شێخ جەعفەر چارەسەركرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی رایگەیاند، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوو چارەسەركرا و بریندارەكانیش كە 11 كەس بوون 5یان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای یەكەكانی 70، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، گوتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان و نۆزانی كوڕی كاك شێخ جەعفەر ئامادەبوو، بە رێككەوتن و رەزامەندیی هەموویان كێشەكە چارەسەركرا و لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا رووبەڕووی دادگا و یاسا دەكرێتەوە".
لەبارەی رەوشی بریندارانی شەڕەكەش بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی گوتی "بەداخەوە لە شەڕەكەدا 11 كەس برینداربوون، ئێستا 5یان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهشتووە و چارەسەری پێویستیش بۆ ئەوانی دیكە دەكرێت".
نیوەشەوی رابردوو، لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی شەڕەتەقە لەنێوان دوو هێزی ئەمنیدا روویدا و بەهۆیەوە 11 كەس برینداربوون، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، تەقەكردنەكە نزیكەی 20 خوولەكی خایاندووە.