رێگە نادرێت جووتیارانی 12 گوندی کەرکووک گەنمەکانیان بگوازنەوە
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی 12 گوندی کەرکووک دوای دروێنەکردنی گەنمەکانیان، رێگەیان پێنادرێت گەنمەکانیان بگوازنەوە. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گرفتەکانی کەرکووک پێویستی بە چارەسەری سیاسییە.
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پیشکێشی دەکات، گوتی، "لەگەڵ بەرپرسانی کەرکووک و عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی جووتیارانی ئەو 12 گوندە."
بڕیارە سبەی چوارشەممە پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان دەدات کە بە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوەتەوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.
فەهمی بورهان، گوتی، "نزیکەی 17 بڕیاری پێشووی رژێمی بەعس هەیە پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە، هەشت بڕیاریان کە لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت بڕیاری گرنگی تێدایە، لەوانە بڕیاری 369."
بەپێی بڕیاری 369 زۆرینەی زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک داگیرکراون، فەهمی بورهان دەڵێت، نابێت بڕیارەکە قەرەبووکردنەوەی جووتیاران بێت بە پارە، بەڵکو دەبێت هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە و گەڕاندنەوەی زەوییەکە بێت.
پڕۆژەیاساکەی پەرلەمانی عێراق پێنج مادەیە بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو موڵکانەى بەگوێرەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە لەنێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 داگیر کراون.
سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەكان گوتی، "ئەگەر پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت هەنگاوێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان."
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان، فەهمی بورهان گوتی، "لە بەشێکی کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا پێمان گوتراوە ئەو زەوییانەی کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە، مافی کوردە و دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە، بەڵام راستییەکەی من ئەوە بە موجامەلە دەبینم. ئەو رێگریانەی هەن سیاسیین و پێویستیان بە چارەسەری سیاسییە."
فەهمی بورهان رایگەیاند، "لەماوەی پێشوودا گرفتێک لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک روویدا، دوای چەندین هەوڵ گرفتەکە هێشتا وەکو خۆی ماوەتەوە، بەڵام کێشەیەکی هاوشێوە لە سەڵاحەدین هەبوو لە ماوەی شەو و رۆژێکدا چارەسەر کرا."