ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: چەند لایەنێکی عێراقی نایانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نین و، دەیانەوێت وادەیەکی نزیک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابنرێت.
 
سالار مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی "بارودۆخی ناوچەکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن گونجاو نییە و گرنگە وادەیەکی نزیک بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت."
 
دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کردووە پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، کورسییەکان بەسەر بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.
 
سالار مەحموود، دەڵێت ئەوان رێز لە بڕیارەکانی دادگە دەگرن، پێیوایە لە دوای دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا "ئێستا هاوسەنگییەک بۆ کورسییەکانی پێکهاتەکان هەیە". گوتیشی: "یەکێتی ناچێتە هەڵبژاردنێک کە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێک دیزایین کرابێت."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی جەختیکردەوە حیزبەکەی ناچێتە هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و دەڵێت "چەند لایەنێکی عێراقی لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردن بکرێت"، دەشڵێت، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ململانێی یەکێتی و پارتی ببەنە دەرەوە.
 
لەبارەی هەوڵی دەرەکی بۆ نەکردنی هەڵبژاردن لە کوردستان، سالار مەحموود دەڵێت "ئەوانەی وەک هەرێمێکی فیدراڵی مامەڵەمان لەگەڵدا ناکەن، نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و زۆر لایەن هەن حەز دەکەن پەرلەمان و حکومەتمان نەمێنێ."
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.