هاتووچۆی سلێمانی: لە چەند کاژێرێکدا 385 هەزار سەرپێچی لە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیێنێت، تەنیا ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵەوە 385 هەزار سەرپێچییان تۆمارکردووە، بەپێی لێکدانەوەکانی رووداویش دەردەکەوێت داهاتی ئەو سەرپێچییانە کە هەر سەرپێچییەک لە 70 هەزار دینار کەمتر نییە، مانگانە 810 ملیار دینار دەکات، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش بە توانجەوە دەڵێت: "رەنگە پێویستمان بە فرۆشتنی نەوت نەبێت."
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، لەبارەی سەرپێچییە تۆمارکراوەکانی ئەو 24 کامێراییەی ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە رێگەی نێوان تاسڵوجە بۆ دووکان لە قۆناخی یەکەم بە شێوەی ئەزموونی بۆ ماوەیەک یەک هەفتە خرانەکار، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ 385 هەزار سەرپێچییان تۆمار کردووە."
بە گوتەی بەختیار محەممەد هێشتا رێگەی سلێمانی - سەیدسادق و گەرمیان هەژمار نەکراون.
کاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سزای تۆمارکراو لە کامێراکانی خاڵ بەخاڵەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو بڕە پارەیەی بەدەست دێت لەو رێگەیەوە زۆرە و بەو پێیە بێت پێویستمان بە نەوت فرۆشتن نابێت، چونکە داهاتی مانگانەیان زۆرە."
دەشڵێت: "کاتی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی ئەو کامێرایانەمان رەتکردەوە، بەڵام من پێموابوو حکومەت دایدەنێت."
بەپێی لێکدانەوەکانی رووداو بۆ داهاتەکانی ئەمڕۆی ئەو کامێرایانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەر سزایەکی سەرپێچییەک بەلانی کەمەوە لە 70 هەزار دینار کەمتر نییە، بەو پێیە ئەو 385 هەزار سەرپێچییەی ئەمڕۆ لەو 24 کامێرایە تۆمارکراون دەکاتە 26 ملیار و 950 ملیۆن دینار، واتە لە مانگێکدا 810 ملیار دینار.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێشیوایە ئەو ژمارەیە زۆرە و دەبێت هاتووچۆی سلێمانی روونکردنەوە بدات، چونکە ئەو ژمارانە زۆرن و خەڵکی خستووەتە بارێکی دەروونیی ناخۆشەوە، دەشڵێت: "ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل لەو رێگایە هاتووچۆ ناکەن لە یەک رۆژدا، بەڵام ئەوەی هەیە رەنگە هەر ئۆتۆمبێلێک چەند جارێک سزای بۆ گەڕابێتەوە و سەرپێچیی تۆمارکردبێت."
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچهر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن. سەرەتای پرۆسەی دانانی کامێراکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانییان و چەند پەرلەمانتارێکی لێکەوتووەتەوە.
سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، جگە لە تۆمارکردنی تیژڕۆیی، دوو تایبەتمەندیی دیکەی هەیە، کە وا دەکات یاساکە تووندتربێت لەسەر شۆفێران.
خاڵ بۆ خاڵ، واتە لەنێوان دوو کامێرادا، ئەگەر خێراییەکەی بە 80 کیلۆمەتر دیاریکرابێت و ماوەی گەیشتن بەو خێراییە 10 خولەک بێت، ئەگەر شۆفێر بە کەمتر لە 10 خولەک بگاتە کامێرای دووەم، ژمارەکەی تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت. هەروەها، ئەگەر بە خێرایی زیاتر لە دیاریکراو، شۆفێر لە چەندین کامێرا بدات، یەک بەدوای یەک، هەموویان وەکو یەک ژمارەکەی تۆمار دەکەن، بەڵام هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، زۆرترین خێرایی بۆ سزادانی شۆفێرەکە هەژمار دەکرێت.