نووسینگەی ئەژی ئەمین: تەنیا بۆ سەردان گەڕاوەتەوە سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هەواڵی گەڕانەوەی ئەژی ئەمین، بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتی بۆ سلێمانی بڵاوبووەوە، نووسینگەکەی رایگەیاند، تەنیا بۆ سەردانی دایکی گەڕاوەتەوە سلێمانی.
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، نووسینگەکەی بە رووداوی راگەیاند، ئەژی ئەمین بۆ سەردانی دایکی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمشەو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ماڵی دایکی ئەژی ئەمین دەکەن و لەوێ چاویان بەیەک دەکەوێت.
نووسینگەی ئەژی ئەمین لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوەش دەکات، "بڕیارە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئێوارەخوانێک سەردانی ئەژی ئەمین بکات و سەرلەبەری ئەو هەواڵانەش رەت دەکەینەوە کە بە هەر جۆرێکی دیکە پێناسەیان بۆ ئەم سەردانە کردووە."
شەوی 24-10-2022 هێزێکی ئەمنی لە قەیوان ستی لە گەڕەکی راپەڕین چوونەتە سەر ئەو ماڵەی پێشتر ئەژی ئەمینی تێدا دەژیا و دەرگە و پەنجەرەکانیان شکاند. ئەوە لەکاتێکدابوو کە دایکی ئەژی ئەمین لە ماڵەکەدا بووە.
ئەژی ئەمین، دوای رووداوەکانی 8ی تەممووزی ساڵی رابردووی ناو یەکێتی، کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری ئەو حیزبە و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، سلێمانی بەجێهیشت و لە هەولێر دەژی و بە ناونیشانی پۆستەکەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کار دەکات.