لە مێردین گەنجێک بە چەقۆ کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە مێردینی باکووری کوردستان گەنجێک بە چەقۆ کوژرا و کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو.
کاژێر 22:00ی شەوی 21ی نیسانی 2023، لە تێرمیناڵی پاسە گەشتیارییەکان لە شارۆچکەی نسێبین لە مێردینی باکووری کوردستان، بەبێ زانینی هۆکارەکە، دەمەقاڵێ لەنێوان دوو گرووپی گەنج روویدا، پاشان گرژی تێکەوت و بۆ شەڕە چەقۆ پەرەیسەند.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا دوو گەنج بەناوەکانی "ئەحمەد بیلەک" کە تەمەنی 18 ساڵە و "عەبدولڕەحمان ئاکن"ی تەمەن 19 ساڵ بەسەختی برینداربوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس و لایەنە تەندروستییەکان، هەردوو گەنجە بریندارەکە بە ئەمبووڵانس گەیێندرانە نەخۆشخانەی گشتیی مێردین، بەڵام سەرباری هەوڵی زۆری پزیشکان، ئەحمەد بیلەک گیانی لەدەستدا و عەبدولڕەحمان ئاکن-یش لە ژێرچاودێری چڕی نەخۆشخانەکەدایە و دۆخی تەندروستیی ناسەقامگیرە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری شەڕە چەقۆی گەنجەکان دیارنییە، بۆ ئەو مەبەستەش پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ شەش کەس دەرکردووە.