کرێکارە بەنگلادیشییەکان لە سلێمانی جەژن دەکەنەوە؛ 'ئێرە زۆر باشە و هیچ کێشەمان نییە'

 
رووداو - سلێمانی

پاش مانگێک بەڕۆژووبوون و کاری سەختی رۆژانەیان، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا کرێکارە بەنگلادیشییەکان لە سلێمانی لەنێو پارکێکی نزیک شوقەکانیان جەژنە پیرۆزەیان لە یەکدی کرد و بە مۆبایلەکانیان هەواڵی خێزانەکانیشیان لە وڵاتەکەیان پرسی.
 
عەبدولڕەزاقی 39 ساڵان سێ ساڵە خێزانەکەی لە بەنگلادیش جێهێشتووە و بۆ کار هاتووەتە سلێمانی، بە تەلەفۆن جەژنە پیرۆزە لە کوڕەکەی دەکات و هەواڵی خێزانەکەی دەپرسێت. ئەو دەڵێت، "لەگەڵ کوڕەکەم قسەم کرد، گوتی: دوێنێ چووم بۆ بازاڕ، پێویستیمان بۆ جەژن کڕی، ئەمڕۆش بەڕۆژووم و سبەینێ لە بەنگلادیش جەژنە، هەموومان باشین و هیچ کێشەیەکمان نییە."
 
محەممەد یارحوسێنیش پێنج ساڵە لە سلێمانییە، رۆژانی جەژنی بە گەڕان و پیاسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانی بەسەربرد، دەڵێت، "لە هەموو عێراق برادەرم هەیە و زۆر باشە، جەژنە پیرۆزە لە هەمووان دەکەم، چونکە هەموومان وەکو براین، پێکەوە دەچینە دەرەوە و کاتێکی خۆش لەگەڵ هاوڕێکانمان بەسەردەبەین و پیاسە دەکەین."
 
محەممەد شەمیم، کرێکاری بەنگلادیشی لە سلێمانی جەژنە پیرۆزە لە هەمووان دەکات و دەڵێت، "عێراق بۆ ئێمە زۆر باشە و هیچ کێشەمان نییە، هەموو برادەرەکانمان پێکەوەین، پێکەوە دەڕۆینە دەرەوە و پیاسە دەکەین، دواتر دەچینە بازاڕ گۆشت دەکڕین و دەچین لە ماڵەوە دەیخۆین."
 
نزیکەی 37 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆرینەی ئەوانەی لە سلێمانی دەژین لە رۆژانی پشوویاندا دەچنە بەردەم باخی گشتیی سلێمانی و یەکدی دەبینن، لە یەکەم رۆژی جەژنیشدا کە پشوویانە بە هەمان شێوە لەوێن و جەژنە پیرۆزە لە یەکدی دەکەن.
 
بەردەم باخی گشتیی سلێمانی شوێنی یەکدی بینین و پشوودانی زۆربەی کرێکارە بیانییەکانە. ئەمین هومایۆن، کرێکاری بەنگلادیشی لە سلێمانی باس لەوە دەکات، "ئەمڕۆ نانم بۆ خۆم دروستکرد و خواردم، ئێستاش بۆ پیاسەکردن هاتم بۆ باخی گشتی، چونکە هەمووان لێرە یەکدی دەبینین، خەڵکی ئێرەش زۆر باش و بەڕێزن، هیچ کێشەمان نییە."
 
جەژنی کرێکارە بیانییەکان جیاوازە لە جەژنی هاونیشتمانییان، لە لایەک زۆرینەیان یەک رۆژ پشوویان هەیە، لە لایەکیش تەنیا بە مۆبایل جەژنە پیرۆزە لە خێزانەکانیان دەکەن.